بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەنگە هێشتا هەرێمی ڕۆژئاوای ئێران بە تایبەت پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان لە ڕووی گەشتیارییەوە بۆ خەڵک نەناسراو بێت بەڵام ئەگەر گەشتیارێکیش سەردانی کردبێت لەم هەموو جوانییە تووشی سەرسوڕمان دەبێت.
لە گوندەکانی پارێزگای کوردستانی ئێران زیاتر گوندی پاڵنگان ناوبانگی دەرکردووە، گوندێک لە ناوچەی هەورامان کە سرووشت و ئابورییەکەی (پەروەردەکردنی ماسی) بۆ هەر کەسێک بابەتێکی ئاشنایە.
لێرەدا باس لە گوندێکی دیکە دەکەین کە خەریکە بە هەمان دوو فاکتەری گەشتیاری و ئابوری ناوبانگەکەی ئێران دەگرێتەوە. دێوزناو هەمان جوانی و سرووشتی تایبەتی پاڵنگانی هەیە و لە لایەکی دیکەوە ماسییەکەشی ناوبانگی دەرکردووە و هەلی کار و گەشەی ئابوریی بۆ ناوچەکە دابین کردووە.
گوندی دێوزناو لە کوێیە؟
دێوزناو گوندێکە لە نێوان ڕووباری سیروان و چیای شاهۆ و ناوەکەشی بە واتای ئەو گوندەیە کە تێیدا دارە گوێز هەیە.
گوندەکە کەوتووەتە باشوری ڕۆژئاوای پارێزگای کوردستان و سەر بە قەزای سەروئاوایە و تەنیا 45 کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزاکەوە دوورە.
کاتێک دەڵێین کە شارێک یان گوندێک کەوتووەتە ناوچەی هەورامان، گوزارشت لە کۆمەڵە جوانی و تایبەتمەندییەک دەکات کە ڕەنگە لە شوێنەکانی دیکە نەبینرێت. لە ناوچەکانی هەورامان سرووشت و چالاکی ئابوری تێکەڵ بە یەک بووە و ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ خەڵکەکەی دابین کردووە، وەک ئەوەی کە لە ناوچەی هەجیج لە پاوە، پاڵنگان لە کامێران یان دێوزناو لە سەروئاوا دەبینرێت.
ڕووباری سیروان و چیای شاهۆ جوانی و تایبەتمەندییەکی هەرە گرنگیان بە گوندی دێوزناو بەخشیوە.
بوونی ڕووباری سیروان بووەتە هۆی ئەوەی کە هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکە دابین بکرێت، چەندین یەکەی بەخێوکردنی ماسی لە دێوزناودا دەبینرێت، زۆربەی خەڵکی گوندەکە بەم ئیشەوە سەرقاڵن و گەشەی ئابوریی بە ناوچەکەش داوە. لە گەڵ ئەم هەموو جوانییەش، پێویستە بزانین کە ئەم ناوچەیە مێژووییەکی چەندین هەزار ساڵەی هەیە، ڕەنگە مرۆڤەکانی پێشوو بە هۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە (ئاو و ناوچەی کوێستانی) بۆ ژیانی خۆیان هەڵیانبژاردووە.
لە سەر ناوی گوندەکەش دوو بۆچوون هەیە، یەکەم، دەڵێن دێوزناو بە واتای ئەو گوندەیە کە دێوی تێدایە و دووەم، بە واتای گوندێکە کە دارە گوێزی تێدایە.
لە گەڵ باسکردن لە جوانییەکانی سرووشتی دێوزناو، نابێت باس لە کەلتوری دەوڵەمەندی ناوچەکەش نەکرێت. لە ناوچەی هەورامان خەڵک شانازی بە ڕەسەنایەتی و کەلتوری خۆیانەوە دەکەن، لێرە جلوبەرگی کوردی پێگە و بایەخێکی زۆری هەیە و هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و گۆڕانکارییەکانی سەردەم کاریگەرییان لە سەر دانەناوە. هەورامی زمانەکان شانازی بەوەش دەکەن کە قسەکردنیان بەم زمانە هەر پارێزراوە. ئەم کەلتورە دەوڵەمەندە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ناوچەی هەورامان کە بە دڵنیاییەوە بەم خەڵکە ئازیزەوە هەر پارێزراو و بەردەوام دەمێنێتەوە.
بە دڵنیاییەوە کە لە ئەگەری ئاوڕدانەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، گوندەکانی وەک دێوزناوی هەورامان دەتوانێت لە داهاتوودا لە ڕووی ئابوری و گەشتیارییەوە ناوبانگێکی دیکەی هەبێت./.