بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی سەید ڕەسوڵ مەهاجر جێگری دیپلۆماسیەتی ئابوریی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق بەڕێوەچوو، ڕێکارەکانی ئاسانکاری و چالاککردنی زیاتری کۆنسووڵخانەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق تاوتوێ کرا.
سەرکۆنسووڵەکانی ئێران لە هەولێر، سلێمانی، بەغدا، کەربەلا، نەجەف و بەسرە لەو کۆبوونەوەدا کێشە و گرفتەکانی خۆیان باس کرد و لە گەڵ جێگری ئابوریی وەزارەتی دەرەوە چۆنیەتی کاراکردنی زیاتری کۆنسووڵخانەکانیان لە ڕووی ئابورییەوە تاوتوێ کرد.
ساڵانە دوو جار سەرکۆنسووڵەکانی ئێران لە گەڵ باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە عێراق کۆبوونەوەی هەماهەنگی خۆیان بەڕێوە دەبەن بەڵام لە پاش سەرهەڵدانی کۆرۆنا ئەو کۆبوونەوانە ڕاگیرابوو و ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە کە بەڕێوە دەچێت./.