بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێران سەبارەت بە هەڵوێستی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەرەنسا کە ڕایانگەیاندبوو چاوەڕوانی ئێران دەکەین بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی: ئێران لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا ماوەتەوە و ئەمریکایە کە بەڵێنەکانی خۆی لەبیر کرد و لێی کشایەوە و ئێستاش دەبێت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئەم ڕێکەوتنە بدات.
ناوبراو وتی: لە دانوستانەکانی ڤیەننا بەردەوام ئەوە ڕاگەێندرا کە ئەمریکایە هاوسەنگیی لە ڕێکەوتنی ناوەکی تێکداوە و سەرەڕای پابەندنەبوونی خۆی، ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەش کردووە.
خەتیب زادە وتی: دەبێت ئەمریکا بڕیاری گەڕانەوە بدات، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و هەڵگرتنی گەمارۆ نایاساییەکان مەرجی ئەو گەڕانەوەیە دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتی کە هەڵوێستی ئێمە لە دەستپێکی دانوستانەکانی ڤیەننا تا ئێستا تووشی هیچ گۆڕانکارییەک نەبووە./.