بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس سەعید سەرۆک کۆماری تونس لە فەرمانێکدا پارێزبەندیی لە سەر ئەندامانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە هەڵگرت.
ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردووش چالاکییەکانی پەرلەمانی تونسی هەڵپەسارد و سەرۆک وەزیرانیشی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
بەشێک لە ڕکابەران و نەیارانی سەرۆک کۆماری تونس، بڕیارەکانی ئەویان وەک کودەتا ناو بردووە، بە تایبەت پارتی نەهزەی ئیسلامی کە بە جیدی دژی ئەو بڕیارانە وەستاوەتەوە. پارتی نەهزە داوایکردووە کە خەڵک بۆ گەڕانەوەی دەسکەوتەکانی شۆڕشەکەی ساڵی 2011 بڕژێنە سەر شەقامەکان.
سەرۆکی پارتی نەهزە بڕیارەکانی سەرۆک کۆماری تونسی بە پێچەوانەی دەستووری ئەم وڵاتە ناو بردووە و داوایکردووە کە سەرۆک کۆمار لە چوارچێوەی دەستووردا ڕوبەڕوی کێشە و گرفتەکان ببێتەوە./.