بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ سوریا زیاتر بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بووە. ئەم سیاسەتە لە لایەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێرانیشەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە وەک ستراتیژێکی ئابوری دانراوە.
محەممەد باقر قاڵیباف لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە. ناوبراو هەروەها پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی ئابوری و وەزیری بازرگانی سوریا تاوتوێ کرد.
قاڵیباف گرنگیی بە ئابوری داوە
ناوەڕۆکی دانوستانەکان پیشان دەدات کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەرجەم کۆبونەوەکان، بە تایبەت ئەوانەش کە ڕەنگ و بۆنی سیاسییان هەبووە، گرنگی زیاتری بە بواری ئابوری و بازرگانی داوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی تاران – دیمەشق دەبێت لە سیاسی و ئەمنییەوە بۆ ئابوری و بازرگانی ببرێت.
دەستپێکردنی بەرنامەی سەردانەکەی لە گەڵ بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری و بیستنی کێشەکانی ئەوان لە پێناو چارەسەرکردنیان و هەروەها جەختکردنەوە لەوەی کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکە گرنگیدانە بە بواری ئابوری و بازرگانی لە کۆبوونەوەکەی لە گەڵ بەشار ئەسەد، و ئەو لێدوانەی کە “ئەگەر لەم دەرفەتە سیاسییەی بەردەم هەر دوو وڵات بۆ باشترکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان کەڵک وەرنەگرین، زیانی گەورە دەکەین”، پیشاندەری ئاشکرای ئەم ستراتیژەیە.
خاڵی وەرچەرخانی گۆڕینی پەیوەندییەکان لە ئەمنییەوە بۆ ئابوری
پێدەچێت سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەک سەردانی باڵاترین بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران لانیکەم لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو بۆ سوریا، بتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕینی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری ئەمنی بۆ ئابوری و کۆمەڵایەتی بێت.
بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە دووقۆڵییەکانی ئێران و سوریا کە بەرژەوەندییەکی زۆری ئابوریی بۆ تاران دەبێت و ئەڵبەت لایەنی ئێرانی لە کەڵک وەرگرتن لەو ڕێکەوتنە هێندە کارامەیی نەبووە، لە گرنگترین بابەتەکانی سەردانەکەی قاڵیباف بووە.
بە پێی ڕێکەوتنەکان، بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان و هەروەها کێشەی نێوان کەرتی تایبەتی هەر دوو وڵات لە ڕیزی گرنگترین بابەتەکان لە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سوریایە.
ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دیمەشق بە پێی گرنگیدانی هەندێک وڵاتی ناوچەکە بە باشترکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیان لە گەڵ سوریا گرنگی ئەم سەردانە زیاتر دەکات، بە تایبەت ئەوەی کە وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوو چوار جار بە ئامانجی ئابوری سەردانی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریای کردووە، یان نێردەی سەرۆک کۆماری ڕووسیا کە لە کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا داوای پەرەپێدانی هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی کردووە.
لە گرنگترینی ئەو پرۆژانەی کە بڕیارە لە ڕێکەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و سوریا هەر دوو کەرتی حکومی و تایبەتی ئێران بەشدارییان هەبێت، دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بدەین:
- وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی 12 و 21 کە کێڵگەی 21 لە نزیکی سنورەکانی عێراق بە یەکێک لە کێڵگە گەورە و ستراتیژییەکانی ناوچەکە دادەنرێت.
- پرۆژەی کانزاکانی فۆسفات کە کارگەکەی درووست کراوە و دەتوانێت بەستێنێکی گونجاو بۆ هەناردە بێت.
- پرۆژەی تۆڕی پەیوەندییەکانی مۆبایلی سوریا.
- پرۆژەی بەندەری حەمیدیە.
- پرۆژەی بەندەری لازقیە و تاوتوێکردنی بەندەری تەڕتوس.
- هەروەها چەندین پرۆژەی هاوبەش لە بواری ئاژەڵداری و کشتووکاڵی.
کۆبوونەوە تایبەتەکەی قاڵیباف و بەشار ئەسەد
کۆبوونەوە تایبەتەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆک کۆماری سوریا بەشێکی هەرە گرنگی ئەم سەردانە بووە کە ماوەی یەک کاتژمێر و نیو بووە و چەندین پرسی گرنگی لە بواری پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات تێدا تاوتوێ کراوە.
قاڵیباف لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە سەرکەوتنی خەڵکی سوریا لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی ئەم وڵاتە و هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئێرانی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان تاران و دیمەشق بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی ناو برد.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لە سەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە و سوریا کردەوە کە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە پێشوازیی لێکرا.
پرسی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و سوریا بە پێی دەفرایەتییەکانی ئێستا و ئامادەیی هەر دوو وڵات، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر دوو سەرۆک پەرلەمان تاوتوێ کرا.
ئەم سەردانەش بە پێی دابەزینی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوو، گرنگییەکی زۆر و تایبەتی هەیە، بە تایبەت ئەوەی کە ئاستی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و دیمەشق هیچ کات نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو پەیوەندییە سیاسییەی کە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا دەبینرێت./.