بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین حەتیت شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری ستراتیژی ناوچەکە لە نووسینێکدا سەبارەت بە کۆمەڵە پیلانەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی خۆڕاگری و شێوازی وەڵامدانەوەیان لە لایەن خۆڕاگرییەوە، ڕایگەیاند کە پاش ئەوەی کە ئەمریکا لەوە دڵنیا بوو کە دەسدرێژییەکانی لە دژی سوریا و بەرەی خۆڕاگری پاش شەڕێکی چەندین ساڵە و بەکارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان بە ئامانج نەگەیشت لە ساڵی 2018 پەنای بۆ شێوازێکی تۆڵەسەندنەوە لە خۆڕاگری هێنا و شەڕی ئابوریی لە ئاستێکی بەربڵاودا لە دژی گەلانی خۆڕاگری دەستپێکرد.
لە درێژەی ئەو نووسینەدا هاتووە:
لە ڕاستیدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیان لەو کەسانە دەدا کە ڕێگرییان لە مسۆگەربوونی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەوان لە ناوچەکە کردبوو و ئەمەش کاردانەوەی نەرێنی درێژخایەنی لە سەر ئەمریکا و پێگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەبێت.
شەڕی ئابوری نوێی ئەمریکا لە دژی خۆڕاگری بە ناوی یاسای سزار بۆ گەمارۆدانی سوریا و پلانێکی بەربڵاوتر بۆ ڕووخان و لەناوبردنی لوبنان لە 3 ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە. پلانە ناسراوە پێنج قۆناغییەکەی ئەمریکا لە دژی لوبنان کە لە ساڵی 2019 و پاش دەست لە کار کێشانەوەی سەعد حەریری لە پۆستی سەرۆک وەزیران تا ئێستا لە جێبەجێکردندایە، ئێستا قۆناغە کۆتاییەکانی تێپەڕ دەکات و دۆخی شڵەژاوی ئێستای لوبنان ئەنجامی هەمان پلانە کە لە بۆشایی سیاسی و ڕووخانی کەرتی ئابوری و داراییەوە دەستیپێکردووە و ئێستا گەیشتووەتە تەقینەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی.
بەڵام لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ڕاستییەش خۆڕاگری بەوە گەیشت کە شەڕێکی نوێی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاتووەتە پێشەوە و ئەمەش سەرجەم ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بەرگری لە لوبنان و مافەکانی دەکەن و ڕوبەڕوی پیلانەکان دەبنەوە. بەڵام ئەم شەڕە لە ئێستادا سەرجەم جومگە مەزهەبی، سیاسی، ئابوری، دارایی، میدیایی و ئایدۆلۆژیایی لوبنانی کردووە ئامانج و هەڕەشەیەکە کە بەراورد بە ڕابردوو و شێوازەکانی جێبەجێکردنی کەم وێنەیە.
ئەمەش وایکرد کە خۆڕاگری پلانێکی بەرگری یەکگرتوو و قۆناغ بە قۆناغ بۆ وەڵامدانەوە و ڕوبەڕوبونەوەی پیلانگێڕییەکە بگرێتەبەر کە لە سەر بنەمای ڕوبەڕوبونەوە و ئامادەیی سەربازی و مەیدانی لە تەواوی قۆناغ و حاڵەتەکاندا بوو. بەم پێیەش هەڵوێستی خۆڕاگری لە سەر بۆشایی سیاسی لوبنان لە ساڵی 2019 ئەوە بوو کە پاڵپشتی لە حکومەتەکەی سەعد حەریری بکات، لە بەر ئەوەی کە دەیزانی دەست لە کار کێشانەوەی حەریری یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی پرۆژەکەی ئەمریکایە لە دژی لوبنان بەڵام ئەمەش ڕووی نەدا و حەریری وازی لە پۆستەکەی هێنا، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو پێداگریی لەوە دەکرد لە چوارچێوەی هەمان پیلانی ئەمریکادا بێت.
خۆڕاگری هەروەها دژی دەست لە کار کێشانەوەی حەسان دەیاب لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو و تا دوایین ساتەکان پاڵپشتیی لە حکومەتەکەی ناوبراو دەکرد بەڵام بەداخەوە کە دەیاب لە بەرامبەر گوشارەکان خۆڕاگریی نەکرد و لە پاش تەقینەوە بەهێزەکەی ئابی 2020 دەستی لە کار کێشایەوە.
لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە بە سەر بۆشایی سیاسی لوبناندا تێپەڕ دەبێت و پاش دەست لە کار کێشانەوەی دەیاب هیچ یەک لەوانەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردران، وەک مستەفا ئەدیب، سەعد حەریری و ئێستاش نەجیب میقاتی لە ئەرکەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، لە بەر ئەوەی کە بڕیار و پرۆژەکەی ئەمریکا بۆ بەردەوامی بۆشایی سیاسی لوبنان هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و تا ئەو کاتەی کە ئەمریکا هەست دەکات پێکهێنانی حکومەت لە لوبنان بە واتای کۆتایی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و دەستپێکی ڕاگرتن یان شکستی پلانە 5 قۆناغییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، موڵەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان نادات.
لەم هەلومەرجەدا خۆڕاگری لە توانای خۆیدا ئەوە دەبینێت کە پلانەکەی واشنتن لە ڕێگاکانی دیکەوە کۆنتڕۆڵ بکات، وەک: ئاسایش، ئابوری و ئەڵبەت ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی.
سەبارەت بە ڕەهەندە ئابوری و داراییەکان، خۆڕاگری لەم ڕاستییە تاڵە ئاگادارە کە لوبنانییەکان بە هۆی سیستەمی گەندەڵی و کۆکردنەوەی نایاسایی، ئەم وڵاتە بەرەو هەڵوەشانەوەی ئابوری و دارایی دەبەن و ئەنجامەکەشی تەنیا هەژاری و برسێتییە. بەم هۆیەشەوە حیزبوڵڵا بڕیاریدا کە بە درووشمی شکستی گەمارۆکانی ئەمریکا دەروازەی نوێ بۆ ڕزگاربوونی خەڵکی لوبنان لەم گوشار و سزایە بکاتەوە، ئەو بابەتەی کە بە لای ئەمریکاوە قبووڵکراو نییە.
بڕیارەکەی حیزبوڵڵا بۆ هاوردەکردنی نەوتی ئێران سەرەڕای سەرجەم گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا، بڕیارێکی گرنگ و بوێرانە بوو، لە بەر ئەوەی کە دەستپێکردنی پرۆسەی هاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان، پەیامی ئەوەی بە ئەمریکا گەیاندووە کە هەموو کات ڕێگای جێگرەوە بۆ تێپەڕاندنی سزا و گەمارۆکانی ئەو وڵاتە هەیە.
ڕاستە کە هاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە سەرجەم پێداویستییەکانی لوبنان چارەسەر ناکات و ئەمەش لە توانا و دەسەڵاتی خۆڕاگریدا نییە و چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە ئەستۆی حکومەتی لوبنانە و خۆڕاگریش هیچ کات بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە ئەرکی حکومەت لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی جێبەجێ دەکات بەڵام خۆڕاگری پەیامی ئەوەی دایە ئەمریکا کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەی هەیە و بەدەر لە گۆڕەپانی سەربازی، لە گۆڕەپانی ئابوریش توانای بەرگری لە لوبنانییەکانی هەیە و بەردەوام دەتوانێت ڕێگای جێگرەوەی بۆ سزا و گەمارۆکان هەبێت.
بەم پێیەش دەتوانین بڵێین کە هیچ یەک لە پیلانەکانی ئەمریکا زیانێکی ئەوتۆی بە خۆڕاگری نەگەیاندووە و لە داهاتووشدا لە بواری سەربازی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، پیلانەکانی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی حیزبووڵا بەردەوام چارەنووسی شکست دەبێت./.