دیاریکردنی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە کۆتایی ئەمساڵە و لێکچوونی ئەم بڕیارە لە گەڵ ئەوەی کە لەم دواییەدا لە ئەفغانستان بینرا، هەندێکی بەو شرۆڤە گەیاندووە کە عێراقیش لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چارەنووسێکی هاوشێوەی دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەزموونی ڕابردوو پیشان دەدات کشانەوە یان دەرکردنی ئەمریکا یان هەر داگیرکارێکی دیکە لە ناوچەیەک بە واتای ئەوە نییە کە وڵاتی پێشتر داگیرکراو ڕوبەڕوی زیانی جیدی و قەرەبوونەکراو ببێتەوە.
ئەوەی کە دەبینرێت کەشێکی پڕ لە بێهیوایی و ئەو هەڕەشانەی کە باس دەکرێت، زیاتر لەوەی کە بابەتێکی ئاسایی بێت زیاتر ڕەهەندی میدیایی و بانگەشەیی هەیە و بە ئامانجی سەپاندنی شەڕی نەرم و دەروونییە لە دژی ئەو گەلانەی وەک عێراق کە ساڵانێکە داوای دەرکردنی داگیرکاران لە وڵاتی خۆیان دەکەن. مێژوو پیشان دەدات بۆ نموونە کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ڤێتنام هیچ کات نەگەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمڕۆ خەڵکی عێراقی لێدەترسێنن.
گەلی عێراق لە کارنامەی خۆی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئازادکردنی وڵاتی خۆیان لە پاش سێ ساڵ شەڕی دژ بە داگیرکارانیان تۆمار کردووە و ئەڵبەت پاش ئەوەش هیچ کات تیرۆریستانی داعش نەبوونە هەڕەشەیەکی جیدی و مەترسییەکی گەورە لە سەر عێراق و لە سەر ئەم بنەمایەش دەتوانین بەوە بگەین کە بەراوردکردنی ئەم وڵاتە بە ئەفغانستان و چارەنووسی عێراقییەکان لە پاش کشانەوەی ئەمریکییەکان ناتوانێت ڕاست و درووست بێت.
بەدەر لەوەی کە تێڕوانین و سیاسەتی نوێی تاڵیبان لە سەر حکومەت و شێوازی حکومڕانی ئەفغانستان چۆن دەبێت و چۆن لە گەڵ پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها کۆمەڵگای جیهانی هەڵسووکەوت دەکات، ئەوەی کە گرنگە، کشانەوەی ئەمریکییەکانە لەم وڵاتە، ئەویش لە پاش بیست ساڵ داگیرکاری. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەلی عێراق پێشتر سەرکەوتووانە ئەزموونی پێکهێنانی حکومەت و سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانیان تێپەڕاندووە و لە ئێستاشدا هەوڵی تەواوکردن و پتەوکردنی سەروەری و دەسەڵاتی نیشتمانی خۆیان بە بێ بوونی داگیرکاران دەدەن.
لە کاتێکدا کە حکومەتی سەر بە دیمۆکراتەکانی ئەمریکا لەم ڕۆژانەدا بە هۆی کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان ڕوبەڕوی شەپۆلێک ناڕەزایەتی بووەتەوە، هەڵمەتێکی میدیایی دەستیپێکردووە تا ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی ئەم بڕیارە لە عێراق بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەلی عێراق و پەرلەمانی ئەم وڵاتە و ئەڵبەت گرووپەکانی خۆڕاگریش بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی کۆتایی هێنان بە داگیرکاری وڵاتەکەیان دەدەن و بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هیچ پێویستیان بە هێزی سەربازی بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکان نییە.
لە ئەفغانستانیش ئەمریکا هەوڵی دەدا وادەی کشانەوەی هێزەکانی دوابخات بەڵام تاڵیبان ڕەتیکردەوە، ئەمەش دەتوانێت زەنگێکی مەترسی بۆ عێراق بێت سەبارەت بەوەی کە واشنتن پێداچوونەوە بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەم وڵاتەدا بکات، بە دڵنیاییەوە کە خەڵک و بەرپرسانی عێراق زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئاگاداری ئەم فێڵ و پیلانگێڕییەی ئەمریکییەکانن./.