بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوو بەرپرسی عێراقی ئەوەیان بە ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس ڕاگەیاندووە کە نوێنەرانی ئێران و سعوودیە گەڕێکی نوێی وتووێژەکانی نێوانیان لە بەغدا بەڕێوەبردووە.
ئەو وتووێژەش کە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچووە، بە یەکەم وتووێژی فەرمی نێوان نوێنەرانی هەر دوو وڵات پاش دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی دادەنرێت.
بەرپرسێکی عێراقی ڕایگەیاندووە کە نوێنەرانی ئێران و سعوودیە سەبارەت بە پرسە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەر دوو وڵات کە لە نەخشەڕێگای پێشوو ڕێکەوتنی لە سەر کرابوو، بە تایبەت لە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
ئەو بەرپرسانەی عێراق ڕایانگەیاندووە کە وتووێژەکان لە ئاستی وەزیردا نەبووە.
ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕی عێراق تا ئێستا چەندین جار لە بەغدا کۆبوونەتەوە./.