بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی لە شرۆڤەی هۆکار و نهێنییەکانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە زایۆنیستییەکەی شاری هەولێر لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئیلنا، وتی: بە تێڕوانینێک لە سەر مێژووی هەندێک لایەنی کوردی لە عێراق بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان، دەبینین کە داواکاری ئەم حیزبە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دابەشبوونی عێراق بووە. هەر بۆیە لە ساڵانی ڕابردوو ئەو هەوڵە بەردەوام بووە و ئێستاش کۆبوونەوەیەک لە سەر پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و دابەشبوونی عێراق بەڕێوەچووە و هەمووان ئەوەشیان لەبیر ماوە کە لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2014 تەنیا زایۆنیستەکان پاڵپشتییان لەو پرۆسەیە و دابەشبوونی عێراق کرد. ئیسرائیل هەوڵێکی زۆریدا کە پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکات و ئەمەش گەیشتە ئەو ئاستەی کە لەو ڕیفراندۆمەدا ئاڵای ڕژێمی زایۆنیستی لە هەرێمی کوردستان هەڵکرا کە پیشان دەدات ئەوان پاڵپشتی لە دابەشبوونی عێراق دەکەن.
ناوبراو وتی: بەم هۆیەشەوە دەبێت بوترێت کە ئاساییکردنەوە و ئاشکراکردنی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها دابەشبوونی عێراق، دوو ئامانجی سەرەکی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی هەولێر بووە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەو کۆبوونەوەیە بە توندی کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای عێراق و ڕای گشتی ئەم وڵاتەی بە دواوە بووە، تەنانەت بڕیاری دەستبەسەرکردنی هەندێک لە ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە لە لایەن دەزگای دادی عێراقەوە دەرکراوە، ئەمەش پیشان دەدات کە بەغدا هەستی بەو مەترسییە کردووە و بەردەوام دژی دابەشبوون و پەیوەندییە لە گەڵ ئیسرائیل. خاڵێکی دیکە ئەوەی کە لە ڕابردوودا ئێمە ئەم مۆدێلە پیلانگێڕییەی ڕژێمی زایۆنیستیمان لە سودان بینیوە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: بە پێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە پێدەچێت ئامانجی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان مۆدێلی دابەشبوونی سودانە و پێویست بەوە دەکات حکومەتی عێراق چاودێری زیاتری دۆخی هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها یەکێتی دیکە لە ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چاوی بڕیوەتە سەرچاوەکانی نەوت و گازی ئەم ناوچەیە. لە سودان یەکێک لە هۆکارەکانی دابەشبوونی ئەو وڵاتە بە دوو بەشی باکور و باشور، بوونی بیرە نەوتەکان لە بەشی باشور بوو. لەو کاتەدا هەندێک بە ئاسایی لە بارودۆخی سودانیان دەڕوانی بەڵام ئێستا دەبینین کە لێکەوتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی دابەشبوونی سودان چۆن خۆیی دەرخستووە، لە بەر ئەوەی کە بەشی باشوری سودان بە هۆی سەرچاوە نەوتییەکانەوە دۆخی ئابوری باشی هەیە و بەشی باکور ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی ئابوری بووەتەوە.
سەدر حوسێنی لە کۆتاییدا وتی: لە هەرێمی کوردستانیش سەرچاوە سرووشتییەکان زۆرە و ئەمەش سرنجی زایۆنیستەکانی ڕاکێشاوە و دەتوانێت مۆدێلی سودان دیسانەوە لەم جوگرافییە دووبارە ببێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بابەتێکی زۆر گرنگ بۆ تەل ئەبیب لە هەرێمی کوردستان بابەتی ئەمنی و سیاسییە. تەل ئەبیب بە هۆی بوونی گرووپەکانی خۆڕاگرییەوە لە عێراق و ناوچەکە هەست بە مەترسییەکی زۆر دەکات. هەر بۆیە دەبێت بەغدا بە هەموو هێزێکەوە ڕێگری لەم پرۆژە زایۆنیستییە و بەڕێوەچوونی هەر کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە بکات، لە بەر ئەوەی کە بوونی ئەو ڕژێمە لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەڕەشەیەک لە سەر ناوچەکە بە گشتی و بەغدا بە تایبەتی بێت./.