ئەگەرچی بە پێی ڕووداوەکانی چوار دەیەی ڕابردووی ناوچەکە، لە سەرهەڵدانی قاعیدە و گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان تا گرووپە تەکفیرییەکانی دیکەی پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و ڕووداوەکانی سوریا و سەرهەڵدانی داعش، پێویست بە خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە پەیوەندی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان لە گەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا ناکات، بە تایبەت ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وەک دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوو و هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتر بە دڵنیاییەوە ڕایانگەیاندووە کە داعش بەرهەم و دەستکردی ئەمریکایە.
ماوەیەکە کە وڵاتانی سەرقاڵ بە شەڕی داعشەوە بە تایبەت عێراق و سوریا لە گەڵ بەرەی خۆڕاگری بە سەرکردایەتی ئێران و هەروەها ڕووسیا و چین سەبارەت بە ئاکام و لێکەوتەکانی پیلانەکەی ئەمریکا واتە گواستنەوەی داعش لە عێراق و سوریاوە بۆ ئەفغانستان هۆشداری دەدەن، ئەو پیلانەی کە پێدەچێت پەیوەندیی لە گەڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە هەیە تا بە جێبەجێکردنی، ناسەقامگیری بە سەر ئەفغانستاندا زاڵ بێت و هەروەها ئەم وڵاتە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە لە سەر ئەو وڵاتانەی کە لە بەرامبەر سیاسەتە تاکلایانە و خۆسەپێنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و جیهان ڕاوەستاون، وەک چین، ئێران و ڕووسیا.
ئەوەی کە لە لایەن ئەم وڵاتانەوە وەک هۆشدار بەردەوام ڕاگەێندراوە، بەم دواییە لە ویلایەتی قوندوزی ئەفغانستان ڕوویدا، تیرۆریستێکی داعش لە ڕێگای پشتێنی بۆمبڕژێژکراوەوە خۆیی لە نێو مزگەوتێکی شێعەکاندا تەقاندەوە و لانیکەم 100 نوێژخوێن بە تایبەت ژمارەیەک ژن و منداڵی کردە قوربانی و دەیان کەسی دیکەش لەو کردەوە تیرۆریستییەدا بریندار کران.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەو تەقینەوە خوێناوییە تەنیا چەند ڕۆژ لە پاش سێ تەقینەوە خوێناوییەکەی شاری جەلال ئاوای ئەفغانستان بووە کە تێیدا چەند ئۆتۆمبێلێکی تاڵیبان کرانە ئامانج و ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون. سەرجەم تەقینەوەکانیش لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان لە دوو مانگی ڕابردوو بە دەسەڵاتی تاڵیبانەوە تا ڕادەیەک سەقامگیریی هەبووە، ئەمەش بۆ ئەمریکا قبووڵکراو نییە و لە ڕێگای دارەدەستەکەیەوە – واتە داعش – دەیەوێت ئەو سەقامگیرییە تێک بدات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەئامانجکردنی شێعەکانی ئەفغانستان وەک هەمان سیناریۆی خوێناویی دژ بە شێعەکانی عێراق و سوریایە، ئەمریکا بەم هێرشانەوە هەوڵ دەدات ئەفغانستان بەرەو بشێوە و ناسەقامگیری زیاتر ببات بەڵام وەک چۆن کە ئەم پیلانانە لە عێراق و سوریا بە هەوڵ و تێکۆشانی گەلانی ئەو دوو وڵاتە و گیانفیدایی هێزە چەکدارەکانیان شکستی هێنا، لە ئەفغانستانیش پووچەڵ دەکرێتەوە. کارتی شێعە و سوننە بە هۆی ووشیاری گەلانی موسڵمانەوە بێ کاریگەر کراوە.
ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدەن لە ڕێگای داعشەوە ئەم کارتە بەردەوام بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی وڵاتانی ئیسلامی بمێنێتەوە، تاوانەکەی قوندوزی ئەفغانستانیش هەوڵێک لەو پێناوەدا بووە./.