بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕۆژی یەک شەممە لە کەشێکی توندی ئەمنی و لە 83 بازنە بە بەشداری 21 هاوپەیمانی و قەوارەی سیاسی و 167 حیزب بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی پەرلەمان بەڕێوەچوو. ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیار بوو کە ساڵی 2022 بەڕێوە بچێت بەڵام لە پاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019، عادل عەبدولمەهدی دەستی لە کار کێشایەوە و پاش ماوەیەکی زۆر مستەفا کازمی کرایە سەرۆک وەزیران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیشی وەک گرنگترین کاری کابینەکەی دیاری کرد.
بە پێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بازنەکانی هەڵبژاردن لەم وڵاتە لە 18 بازنەوە بە پێی ڕێژەی دانیشتووان کرانە 83 بازنە و خەڵک لە جێی دەنگدان بە حیزب بە کەسەکان دەنگیان دا. چەندین فاکتەری وەک پەیامەکەی مەرجەعیەتی باڵا، ئیرادەی سەرکردە سیاسییەکان، داواکاری خەڵک و بە تایبەت خۆپێشاندەران، سەرکەوتنی دژ بە داعش و خواستی عێراقییەکان بۆ بوونی حکومەتێکی بەهێز وایکرد کە ئەم هەڵبژاردنانە چاوی زۆری ناوچەکە و جیهانی لە سەر بێت. پەیامی گرنگیشی هەبووە کە دەتوانین ئاماژە بە ئازادی و سەربەخۆیی عێراق و ڕێگری لە دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە بدەین.
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی تایبەت بەم هەڵبژاردنانە بەشداری 959 کاندیدی سەربەخۆ بووە، واتە لە نێو 3249 کاندید، بوونی سەربەخۆکان لە دەرەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەرچاو بووە.
کێبڕکێی نێوان شێعەکان و سوننەکان ئەمجارە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەم زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بووە، لە نێو سوننەکانیش دوو بەرەی محەممەد حەلبوسی و خەمیس خنجەر توندترین ململانێیان هەبووە، هەر لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشەوە سەدر و مالیکی لە نێو بەەرەی شێعەکان کەوتنە ململانێ و لە کوردستانیش پارتی و یەکێتی وەک هەمیشە دوو هێزی ڕکابەر بوون، هەرچەندە کە گۆڕانکاری لە پێگەی تەواوی حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا بینرا.
سیستەمی سیاسی عێراق پەرلەمانییە و پێکهێنانی پەرلەمانی نوێ ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار و کابینەی نوێ دەبێت. ئەم هەڵبژاردنە گرنگیی خۆیی هەبووە، لە کاتی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدامەوە تا ئێستا پێنج خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە. ڕەنگە بتوانین خولی پێنجەم بە هەستیارترین هەڵبژاردنەکان ناو ببەین، لە بەر ئەوەی کە نەک تەنیا خەڵک سەبارەت بە وڵات و چارەنووسی خۆیان بڕیار دەدەن، بەڵکوو بڕیار لە سەر چۆنیەتی پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە دەدرێت.
خاڵی گرنگی دیکە ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنانە دەبێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێک کە بڕیار لە سەر چەندین دۆسیەی گرنگی دیکە وەک پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا، ئاشتەوایی نیشتمانی، ئاوەدانکردنەوەی عێراق و ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ گرتنە ئەستۆی دۆسیە سەربازی و ئەمنییەکان لە پاش کشانەوەی بێگانەکان دەدات.
ئەمریکا کە لە سەر کشانەوەی هێزەکانی تا کۆتایی ئەمساڵ لە گەڵ حکومەتی بەغدا گەیشتووەتە ڕێکەوتن، بۆ ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە و بەردەوامیدان بە داگیرکاری، هەوڵی ئەوەیدا کە زیاترین کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دابنێت. زیاترین پیلانگێڕی لە دژی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەمریکا بووە.
بەم بۆنەوە پرۆسەی سیاسی عێراق و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی نوێ دەتوانێت خەونەکانی ئەمریکا بۆ مانەوە لەم وڵاتە بەتاڵ بکاتەوە. حکومەتی نوێی عێراق دەتوانێت ستراتیژێکی نوێ لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتانی ناوچەکە پەیرەو بکات. واشنتن دەبێت ئەو پەیامەی وەرگرتبێت لە لای عێراقییەکان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە پێگەی نەماوە و بە ناچار دەبێت ماڵئاوایی لە خاکی عێراق بکات./.