سەرچاوەیەکی باڵا لە بزوتنەوەی گۆڕان کە لە سەر داوای خۆی ناوەکەی ئاشکرا ناکرێت، بە پەیامنێری جام کوردیی ڕاگەیاند کە لە پاش شکستەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 و ئەو گوشارە زۆرەی ئەندامان و لایەنگران لە سەر بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارە سبەی هەر دوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و هەروەها عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دەست لە کار بکێشنەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لێژنەیەکی 10 بۆ 15 کەسی ئامادە کراون بۆ ئەوەی کە لە پاش دەست لە کار کێشانەوەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و هەر دوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی، سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە لە ئەستۆ بگرن.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەو لێژنەیە زۆربەیان لە باڵی سەربازی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نزیکن و بڕیارە نوێنەرانی بزوتنەوەکەش لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان بکشێنەوە و سەرجەم میدیاکانیش بۆ ماوەی شەش مانگ بە مەبەستی دووبارە ڕێکخستنەوەیان دابخرێن./.