بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق، وەزیری پێشووتری بازرگانی ئێران کە ئێستا سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئەم وڵاتە و عێراق دەکات، لە کۆنفرانسێکی ئابوریدا وتی: بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی، دراوسێبوون لە گەڵ 15 وڵات و دەفرایەتییەکی 1200 ملیار دۆلاری بازرگانیی ساڵانە و ئەو توانا و ئیمکانیاتەی کە ئێران هەیەتی، بە پێی توێژینەوە ئابورییەکان، ئێمە لەم دەفرایەتییەی هەناردە و هاوردەی 1200 ملیار دۆلارییە، بە پێی ئەو ستانداردانەی وەبەرهێنانی پێدەکەین دەتوانین نزیکەی 200 تا 300 ملیار دۆلار پشکمان هەبێت بەڵام لە ئێستادا تەنیا 20 تا 30 ملیار دۆلارە.
ناوبراو وتی: تەنیا بوێریی پێویستە کە ئەم بەربەستانە چارەسەر بکات و دەبێت ئەوەش قبووڵ بکەین کە بە هۆی هەلومەرجی ئابوری، سیاسی و ئەمنیی ئەمڕۆی ئێمە، دیپلۆماسیەتی ئابوری و بازرگانی بەدەر لە گەشەی ئابوری، ڕۆڵیشی لە ئاسایشی نیشتمانیدا هەیە.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق وتی: ڕۆڵ و پێگەی پرسە ئابورییەکان لە ئاسایشی نیشتمانیدا بابەتێکی دیکەیە و پێکەوە پەیوەندییان هەیە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک سعوودیە بەو هەموو پلانەی پێشووی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ناوچەکە وەک داعش و ئەو هەموو تێچووەی کە قبووڵی دەکرد، ئێستا تێڕوانینی خۆیی بەرەو بازرگانی گۆڕیوە، تەنانەت لە شاری نەجەف کە لە ڕووی مەزهەبییەوە بۆ ئێمە گرنگە، نوێنەرایەتی خۆیی کردووەتەوە. بە پێی ئەوەی کە گرنگی بازاڕی عێراق لە ماوەی 10 تا 15 ساڵی داهاتوو ئاشکراتر دەبێت، ئەمریکا، چین و وڵاتانی دیکە دەیانەوێت ئەم بازاڕە لە بەرژەوەندی خۆیاندا کۆنتڕۆڵ بکەن و ئێمە وەک دراوسێ کەمترین گرنگیمان بەمە داوە.
ئالی ئێسحاق وتی: ئێستا لە ئێران درووشمی گەشەی وەبەرهێنان بەرز کراوەتەوە و بە هەموو هەوڵێک دەمانەوێت جێبەجێی بکەین و بە ئامانجە دیاریکراوەکانی بگەین، بەڵام دەبێت لەوەش تێبگەین بۆ ئەو وەبەرهێنانە دەبێت بازاڕی بەکارهێنانی دابین بکەین.
وتیشی کە بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک ئەرک دەکەوێتە سەر شانی حکومەت کە تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت و پاڵپشتی پێویست لە کەرتی وەبەرهێنان و هەناردە بکات و لە لایەکی دیکەوە چالاکوانانی ئابوریش دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە دەبێت بەرهەمەکانیان بتوانێت لە بازاڕە جیهانییەکاندا کێبڕکێ بکات./.