بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ فلیکس پلاسنسیا گۆنزالس وەزیری دەرەوەی ڤەنزولیا ڕایگەیاند کە نەخشەڕێگای 20 ساڵەی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ئامادە و لە چەند مانگی داهاتوو لە لایەن سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڤەنزولیاوە واژۆی لە سەر دەکرێت.
ناوبراو وتی: کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی ڤەنزولیا لە بەردەستە، هاوکات بەستێنی هاوکاری ئابوری هاوبەش لە ئێران بۆ ڤەنزولیا ئامادە کراوە کە وردەکارییەکەی ڕادەگەێندرێت و کەرتی تایبەتی ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە دەرفەتی هاوکاری لە گەڵ ڤەنزولیا هەیە.
فلیکس پلاسنسیا گۆنزالس وەزیری دەرەوەی ڤەنزولیاش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: شانازییە بۆ من کە لە یەکەم وێستگەی سەردانەکانی دەرەوەم لە تارانم، سیاسەتی ئێمە نزیکبوونەوەیە لە وڵاتانی دۆست. سەبارەت بە هاوکاری 20 ساڵە وتووێژمان کردووە و پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆمیسیۆنی هاوبەشی هەر دوو وڵاتیش کۆدەبێتەوە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی ڤەنزولیای پێشێلکردووە، دەمانەوێت وانە لە ئێران وەربگرین و بە پێی ڕێزلێنان لە یاسای نێودەوڵەتی، داهاتوویەکی باشتر بونیاد بنێین./.