بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولسەمەد خۆشناو هەولێری، ھاوکات یەکەمین و تەنھا براوەی کورد و عێراقە لە پرۆگرامی Allo Bein لە کەناڵی بین سپۆرت کە بۆ بێژەرە سەرکەوتووەکان ساز ئەدرێت.
ئەم گەنجە وەکو زۆربەی گەنجانی دیکەی بواری وەرزش ھەر لە منداڵیەوە یاری تۆپێی دەست پێکردووە، بەڵام زیاتر لە ساڵی ٢٠١٣ وەکو یاریزانی فەرمی لە (ناوەندی گەنجانی ھەولێر) دەستی کردووە بە یاری کردن لە یانەکانی (ھەندرێن) و (جیھان).
لە ئێستاشدا بێژەرو کۆمێنتاری وەرزشیە .
جام کوردی بە چاوپێکەوتنێک ئەم گەنجە بەھرەمەندەی بەسەر کردەوەو سەرەتا پرسیمان عەبدولسەمەد چۆن بوو بە بێژەرو کۆمێنتاری وەرزشی ؟
ئەویش لە وەڵامدا وتی” من بە لاسایی کردنەوەی کۆمێنتارە وەرزشییەکانی عەرب ناسرام لای ھاورێکانم،
دواتریش جارێکیان لە کاتی تەمرینەکانی یانەی ھەولێر لە یاریگا بووم وەکو کۆمێنتارێکی وەرزشی یاری یاریزانانی یانەی ھەولێرم لە یاریگا راستەوخۆ بۆ کەسانێک کە لەوێ بوون دەگواستەوە، ئەوەش دیسان بووە ھۆی راکێشانی کەناڵی ئاسمانی NRT کە لە ناو یاریگا بوون،
پاشان ئەوە بوو NRT ڤیدیوی منیان گرت و لە فەیسبووکی خۆیان بڵاویان کردەوە .
لەو کاتەوە دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا، پاشان ھەمان کەناڵ منیان بانگھێشت کردو زیاتر دەرکەوتم و ئیتر لە ناو خەڵکی کوردستان بە رەئووف خەلیفی کوردستان ناسرام کە بێژەرێکی ناسراوی عەرەبە.
لە پرسیارێکی جام کوردی سەبارەت بە یەکەم بێژەری لە کەناڵی تەلەفزیۆنی، ئەو بێژەرە لاوەی شاری ھەولێر وتی”
یەکەم جار لە کەناڵی ناوخۆی بیابان سپۆرت (Biaban Sport) بێژەریم کردو لە یاری نێوان بارشا و سێڤیلی دەرکەوتم.
دواتر یەکەم گرێبەستم وەکو بێژەرو کۆمێنتاری وەرزشی لە کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردستان سپۆرت بوو، لە ئێستاشدا لە کەناڵی ئەستێرە سپۆرت بێژەرو کۆمێنتاری وەرزشیم.
لە بارەی سەرکەوتنی عەبدولسەمەد لە پرۆگرامی (Allo Bein) وتی” پرۆگرامی Allo Bein پرۆژەیەکی کەناڵی بین سپۆرت (beIN Sports )ـە ،کە لە نێوان گەنجانی بە توانای وڵاتانی عەرەبی کە خولیای بوون بە کۆمێنتاری وەرزشیان ھەیە ئەنجام ئەدرێت.
لەو چوارچێوەیەدا گەنجێک دەبێ بە دەنگی خۆی کاتی تۆمارکردنی گۆلێک تۆمار بکات و لە ئینستاگرام بڵاوی بکاتەوە.
دواتر لەناو ھەموو ڤیدیۆ نێردراوەکان ٨ کەس دستنیشان دەکرێن تا یەک لەو گەنجانە ببێتە باشترین گەنجی ئەو مانگە ، کە بە شێوازی دەنگدان بە ئەو ٨ کەسە ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتاییدا ئەو کەسەی کە یەکەم دەبێت یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە کەناڵی جیھانی بین سپۆرت (beIN Sports ) دەگوازێتەوە.
منیش لە سالی ٢٠١٩ وەکوو یەکەمین و تەنیا کورد و عێراقی توانیم براوەی ئەو خەڵاتە بم.
لە بارەی گەورەترین روداو کە لە ژیاندا (عەبدولسەمەدی لاوی) دروست کردووە چیە وتی”
توشی ڕوداوێکی دڵتەزێن ھاتم بەو ھۆیەوە لە ناوەڕاستی ٢٠١٠ توشی لەبیرچوونەوە بووم واتا (فقدان زاکرە) کە تەواوی بیرەوەری ڕابردووم لە دەست دا،
تەنانەت ئێستاش بەشێک لە رابردووی خۆم بیر نییە ! بۆیە لە سفڕەوە دەستم پێ کردەوە، ئەوە بوو لە قوتابخانەی خێرا دەستم بە خوێندن کردەوەو سوپاس بۆ خوا بە زیرەکی زیاتر گەڕامەوە و دەستم بە ژیان کرد،
ئێستاش لە رابردوو باشترم و سوپاس بۆ بنەماڵەکەم کە زۆر ھاوکارم بوون .
سەبارەت بە خەونی ئایندە ئەو (بێژەرە کۆمێنتارەی بواری وەرزش) وەڵامی جام کوردی دایەوەو وتی”
خەونی من لە ئایندە ئەوەیە”
بتوانم لە بواری بێژەری کۆمێنتاری، کورد و عێڕاق بە جیھان بناسێنم و ببم بە دیارترین کەسایەتی وڵاتەکەم لە داھاتوو، وە زیاتر لە بواری کۆمێنتاری وەرزشی خۆم دەوڵەمەند بکەم و ببمە ھۆکارێک لە داھاتوو چەندین کەسی تر درووست بن و کار ئاسانیان بۆ بکەم لەم بوارە .
سوپاس بۆ جام کوردی کە ئەم دەرفەتەی بۆ رەخساندم .
ئامادەکردنی/ ئارینا ھەڵەبجەیی