بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژەرانی زانکۆی تیانجین ی چین کە توێژینەوەکەیان ئەنجام داوە، ڕایانگەیاندووە کە خواردنی قاوە یان چا وێڕای کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توشبوون بە جەڵتەی مێشک، کاریگەرییەکانی پاش توشبوون بەو جەڵتەیەش کەم دەکاتەوە.
لەو توێژینەوەدا، 365 هەزار کەسی تەمەن نێوان 50 تا 74 ساڵە بۆ ماوەی دە ساڵ لە ژێر چاودێریدا بوون، سەرەتا ئەوانەی کە بەشداری توێژینەوەکەیان کردووە، زانیاری تەواویان لە سەر ڕێژەی بەکارهێنانی قاوە و چا ئاشکرا دەکرد. لە ماوەی توێژینەوەکەش، 5 هەزار و 79 کەس لەوان تووشی کێشەی عەقڵی بوون و 10 هەزار و 53 کەسیش لانیکەم یەک جار تووشی جەڵتە بوون.
توێژەران بەوە گەیشتن کە دوو یان سێ کوپ قاوە یان سێ تا پێنج کوپ چا لە ڕۆژدا، یان تێکەڵاوێک لە چوار تا شەش کوپ قاوە و چا دەتوانێت کەمترین مەترسیی لە سەر توشبوون بەو دوو نەخۆشییە ئاماژەپێداوە هەبێت. مەترسی توشبوون بە جەڵتەی مێشک لەو کەسانەی کە ڕۆژانە دوو تا سێ کوپ قاوە و دوو تا سێ کوپ چایان دەخوارد، لە سەدا 32 کەمتر بوو، هەروەها مەترسی توشبوون بە کێشەی عەقڵیش لەو کەسانەدا لە سەدا 28 کەمتر لەوانە بوو کە قاوە و چایان نەدەخوارد.
ئەوان ڕایانگەیاند کە خواردنی قاوە بە تەنیایی یان لە گەڵ چا تا لە سەدا 40 مەترسی توشبوون بە کێشەی عەقڵی لە پاش جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە. توێژەران هەروەها باسی ئەوەشیان کردووە کە ئەنجامەکەی ئەوان پیشان دەدات بەکارهێنانی قاوە و چا بە شێوازی مامناوەند بە هەمان شێوە ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی ئەو دوو مەترسییە هەیە./.