بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆبێرت فانتینا لە چاوپێکەوتنی ئاژانسی ئێرنای ئێرانی، پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکانی سەبارەت بەوەی کە ئاسایشی جیهان لە پاش تیرۆری حاجی قاسم سولێمانی زیاتر بووە، بە درۆخستەوە و وتی: ئەم پڕوپاگەندەیە بە تەواوی درۆیە، فەرماندە سولێمانی پێشەنگی یارمەتیدانی حکومەتی خۆی بۆ ئامادەیی لە بەرگریکردنی ئێران لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بوو.
ئەم شرۆڤەکارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: لە ڕاستیدا ئەو تەنیا بە هۆی هاوکاریکردنی وڵاتەکەی و بوێری لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا تیرۆر کرا، سەرەڕای ئەمەش ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی هەڵەی گەورە دەبن ئەگەر بڵێن کە ئەو تەنیا کەسێک بووە کە دەیتوانی ئەو بەرگرییە بکات.
فانتینا وتی: ئاسایشی جیهان کەمتر بووە، لە بەر ئەوەی کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم تاوانە نێودەوڵەتییە وەڵامدەرەوە نەبووە، هەر بۆیە ئەگەر یەکێک لە سەرکردەکانی جیهان بە بێ سزادان یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بکات، وەک ئەوەی ترەمپ، هەر سەرکردەیەکی دیکەش دەتوانێت ئەوە بکات.
ناوبراو وتی: زۆرن ئەوانەی کە پێشتر پەنایان بۆ ئەم کارە هێناوە، سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا بە درێژایی چەند سەدەی ڕابردوو ئەم کارەیان کردووە و سەرکردەکانی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە ئەو نموونە نایاسایی و دڕندانەیە دووبارە دەکەنەوە.
وتیشی کە تیرۆری فەرماندە سولێمانی بووەتە هۆکاری زیاتربوونی دوژمنایەتییەکان لە گەڵ ئەمریکا و ئەم وڵاتەی خستووەتە دۆخێکی خەراپترەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆی لە جیهان و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە تیرۆری فەرماندە سەربازییە خۆشەویستەکانی خەڵک، بکوژەکانیان ناکاتە خۆشەویستی خەڵک.
فانتینا وتی: ئەمریکا ئاگاشی لەوە نییە کە نیشتمانپەروەریی ئێرانییەکان زیاتر و گەورەترە لە تەنیا کەسێک و کوشتنی فەرماندە سولێمانی بە هیچ شێوازێک ناتوانێت سوپای پاسداران لاواز بکات./.