بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان، وتی: بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە بەخێرهاتن و بەشداری لە ڕێوڕەسمی دووەم ساڵیادی شەهیدبوونی سەردار سولێمانی و هاوڕێکانی ئەوان دەکەین، پێمان وایە کە ئەم ڕۆژە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤایەتییە لە دژی تیرۆر، یەکڕیزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر لە سەرەتا و کۆتایی و چالاکییەکانی دوایی تیرۆریستانی داعش.
ناوبراو وتی: خودای گەورە ئەوەی فەرمووە کە شەهیدەکان بە زیندووی دەمێننەوە، تەنانەت دەبنە مایەی ڕزق و ڕۆزی و سەرفەرازی نەک بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان و هێزە سیاسییەکەیان و حکومەتەکەیان بەڵکوو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە کۆکردووەتەوە، باسی یاد و بیرەوەرییەکان و شکۆمەندی سەردار سولێمانی و هاوڕێکانیەتی لە پاڵپشتیکردنی ئێمە وەک خەڵکی کوردستان، هێزە سیاسییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەرکێکی گەورە کە ئەویش ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر بووە.
پارێزگاری سلێمانی وتی: پێشنیاز دەکەین کە ئەمڕۆژە ببێتە ڕۆژی ئاشتی جیهانی، ڕۆژی دیالۆگی گەردونی و هەرێمی کوردستان و عێراق ببێتە سەکۆ و مینبەرێک بۆ دیالۆگ و وتووێژ کە کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان بهێنێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: ئەم شەهیدانە زیندوون، ئەم یادەش بۆ مانەوەی ئەوانە لە ویژدانی ئێمەدا، بۆ ئەوەی کە وانە لە هەڵوێستەکانیان وەربگرین، لە سەرۆک بوون و سەرکردایەتی ئەوان وەربگرین کە چەندە بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە وەک خەباتی فەرماندە و سەرکردە و شەهیدەکانی ئێمە لە سەنگەری پێشەوە بوون.
ناوبراو وتی: شەهید سولێمانی لە مردن نەترساوە و بڕیاری دابوو کە لە پێناو بڕواکانیدا شەهید ببێت و ئەو پلە گەورەیان بە دەست هێنا بۆ ئەوەی کە خەڵک بە ئاسوودەیی بژین./.