بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئەحمەد بەرزنجی لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان، وتی: شەهید حاجی قاسم سولێمانی دۆستی گەلی کورد و گەلانی عێراق و هاوکار و یارمەتیدەری هەمووان لە مەینەتییەکان و هەروەها لە شەڕی ڕوبەڕوبونەویە تیرۆر بووە.
ناوبراو وتی: ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شێعەکانی عێراق سەبارەت بە شەهید سولێمانی ئەوەی وتووە کە ئەو شەهیدە گەورەیە مافی بە سەر خەڵکی عێراقەوە هەیە لە بەر ئەوەی کە بەرگریی لەوان کردووە لە بەرامبەر شەڕی تیرۆریستان.
بەرزنجی وتی: شەهید سولێمانی دۆستی ئێمەی کوردیش بووە و بەرگریی لە گەلەکەمان کردووە و هاوکار و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە بە تایبەت لە شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش.
یاریدەدەری پێشووی مام جەلال تاڵەبانی وتی: شەهید قاسم سولێمانی دۆستی نزیک و هاوڕێی جەنابی مام جەلال بووە، پێشتر باس لەوە دەکرا کە کورد بەدەر لە چیاکان دۆستی نییە بەڵام بە هۆی سیاسەتەکانی مام جەلالەوە توانرا دۆستێکی زۆر بۆ گەلی کورد هەبێت و خەڵکی کورد بە هەموو جیهان ناسێنران.
سەید ئەحمەد بەرزنجی وتی: ئێمە دووبارە سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکارییەکانی شەهید سولێمانی دەکەین و ئەمەش پەیامێکە کە ئێمەی کورد بە وەفاین و ئەوانەی دۆستایەتی و هاوکاریی ئێمە دەکەن لەبیرمان دەمێننەوە./.