لە هەر وڵات و لە هەر دەسەڵاتێکدا کەلێنی نێوان بەرپرسانی باڵا و خەڵک بووەتە کێشەیەکی گەورە، پێم وایە کە لە زۆر وڵاتدا وێنە و نموونەی ئەمەمان بە ئاسانی بینیوە.
ئەم کێشەیە لە ئێستای وڵاتانی جیهان کە بە ڕادەیەکی زۆر قەیرانە ئابوری و داراییەکان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، زیاتر خۆی پیشان دەدات.
بە دڵنیاییەوە کە سیستەمی سیاسی هەر وڵاتێک بەپەلە هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەنێت، خۆی لە داهاتوودا زەرەرمەند دەبێت. ئەو بەرپرسانەی زیاتر بە دەم خەڵک و کێشەکانی ئەوانەوەن، لە دڵی خەڵکەکەی خۆیاندا شوێنیان بووەتەوە و هەنگاو و کردەوەکانی ئەوان جێی متمانە دەبێت و بە هیوا و گەشبینییەوە لەو بەرپرسانە دەڕوانن.
بافڵ تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمەکەی تەلاری هونەر و کاتێک بەڕێز محەممەدی حاجی مەحمودی بینی، وەک ڕێزلێنانێکی تایبەت بە گەرمییەوە هەستایە سەر پێ و پێشوازییەکی زۆر گەرمی لەو بەڕێزە کرد، هەروەها کاتێک بەوپەڕی ڕێزەوە هەمان هەڵسووکەوتی جوانی لە گەڵ بەڕێز مەحمود سەنگاوی و بەرپرسانی دیکەی یەکێتی لە ڕیزی پێشەوەی هۆڵەکە کرد، دیمەنێکی جوان بوو کە شیاوی ستایشکردنە. بە ڕاستی کە بافڵ تاڵەبانی ئەوەی سەلماند ڕۆڵە و قوتابییەکی مەکتەبی جەنابی مام جەلالە و ئەو ڕەوشت بەرزییەی باوکی بەڕێزیان ئەمڕۆ لە خۆیشیدا دەبینرێت و ئەمەش جێی خۆشحاڵییە.
بێگومان بەرپرسان بەم شێوازە گەورە دەبن، پلە و پۆستەکان ئەوان گەورە ناکەن بەڵکوو ئەم شێوازە هەڵسووکەوتە و لە گەڵ خەڵک یەکڕەنگبوونە دەتوانێت ئەوان بەرز بکاتەوە. ئەوەی بافڵ تاڵەبانی کردی دەتوانێت نموونەیەک بۆ بەرپرسانی دیکە بێت کە لە گەڵ هەمووان لە بەرپرس و کەسی ئاساییەوە دەبێت بە ئەخلاقی بەرزەوە هەڵسووکەوت بکرێت. ئەوەمان لەبیر بێت کە بەرپرسی نەتەوەیی و خاوەن پێگەی جەماوەری ئەوەیە کە لە خەڵک و لە گەڵ خەڵک و هەڵسووکەوتی وەک خەڵک بێت./.