بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عودەی عەوادی نوێنەری پارێزگای بەسرە لە پەرلەمان و ئەندامی لێژنەی نەوت و وزەی خولی پێشوو، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بەڵگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ڕژێمی زایۆنیستی بڵاو کردەوە.
ناوبراو لە نامەیەکی 29 ی ئەیلولی 2021 پرسیاری لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە و داوایکردووە کە سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ڕژێمی تەل ئەبیب ڕوونکردنەوە بدات.
لەو بەڵگەیەدا ناوی نەوتهەڵگرەکان و بەرواری ناردن و ڕێژەی نەوتی هەناردەکراو هاتووە.
بەڵگەکە هەورەها پیشان دەدات کە نەوتەکەی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردەی بەندەری عەسقەلان کراوە.
پێشتریش سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندبوو کە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی 2021، لە سەدا 23 ی 11 ملیۆن و 149 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی خۆیی کە دەکاتە 2 ملیۆن و 652 هەزار و 474 بەرمیل بەو ڕژێمە داوە.
ئیتالیا بە کڕینی لە سەدا 43 ی نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 4 ملیۆن و 897 هەزار و 492 بەرمیل، بە یەکەم کڕیاری نەوتی ئەم ناوچەیە دادەنرێت./.