گرنگترین ئامانجی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بریتییە لە پەرەپێدانی دادپەروەری، نەهێشتنی زوڵم و ستەم، پاڵپشتی لە زوڵملێکراون و چەوساوەکان و ڕوبەڕوبونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی. لەم نێوەندەدا پرسی پاڵپشتی لە چەوساوەکان لە بەرامبەر ستەمکارانی جیهانی زۆر گرنگ و سەرەکییە کە لە هەمان سەرەتاوە لە لایەن دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران حەزرەتی ئیمام خومەینییەوە گرنگیی پێدرا، بە ڕادەیەک کە چەند مانگ لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی پێویستی دامەزراندنی حیزبێکی جیهانی بە ناوی حیزبی چەوساوەکان و زوڵملێکراوان گەڵاڵە کرا.
بە کورتی دەتوانین بڵێین کە سیستەمی سیاسی ئێران بە تایبەتمەندییەکانییەوە توانای کاریگەریی لە سەر جیهانی چواردەوری خۆی هەبووە کە لە درێژەدا ئاماژە بە سێ بواری ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەدرێت:
یەکەم: بواری ناوخۆیی
کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بواری ناوخۆیی بریتییە لە دابینکردنی یەکڕیزی و متمانەی نیشتمانی، گەشەی زانستی کە پەرە بە نوێبوونەوە دەدات، ڕەچاوکردنی پیرۆزییە ئائینییەکان و …..
دووەم: بواری ناوچەیی
لە بواری ناوچەیی، کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بریتییە لە بونیادنانەوەی شارستانیەتی ئیسلامی و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بەخۆبوونی ڕۆشنبیری لە نێو گەلانی موسڵمان، بەرزکردنەوەی ئاستی بێداری ئیسلامی و جەختکردنەوە لە سەر یەکڕیزی جیهانی ئیسلام. ئەمەش بووەتە هۆی خۆڕاگری گەلانی موسڵمان لە بەرامبەر دیکتاتۆریەتی ناوخۆیی و چەوساندنەوەی دەرەکی. هەروەها زیندووکردنەوەی شوناسی جیهانی ئیسلام بە چەند فاکتەرێکی وەک پاڵپشتی لە زوڵملێکراوان، مافخوازی، ڕۆڵی ئێران لە سەقامگیری ناوچەیی و بە جیهانیکردنی بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیسم بە ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی قودس لە لایەن حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) ەوە.
سێهەم: بواری نێودەوڵەتی
لە بواری نێودەوڵەتی کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بریتییە لە ڕوبەڕوبونەوەی زاڵبوونی کەلتوری و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا لە ڕێگای بیر و هزری ڕزگاریخوازی و دژە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بەخۆبوونی گەلان و ناساندنی ئیسلام وەک شێوازێکی ژیان، کردنەوەی بەرەیەکی سێهەم لە سیستەمی نێودەوڵەتی لە ڕێگای پاڵپشتی لە جوڵانەوە سەربەخۆییخوازەکان و هاندانی گەلان بەرەو مەعنەوییەت، ئاڵاهەڵگریی شۆڕشی ڕۆشنبیری جیهانی بە چەند ئامرازێکی وەک گرنگیدان بە ئائین، یەکڕیزی ئیسلامی، کەلتوری سەربەخۆییخوازی و گرنگیدان بە توانا خۆماڵییەکان و …..
لە ڕاستیدا ئیسلامیبوونی شۆڕشی ئێران، ئەم تایبەتمەندی و ئیمتیازە گرنگەی پێدا کە بە جیهانی بێت و سەرجەم جیهانیان بە ئامانجی پەیامەکەی خۆی بزانێت. شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕووی جیهانیبوونەوە وەک شۆڕشەکەی سەردەمی ئیسلام سەرجەم گەلانی جیهانی لە سەردەم کات و قۆناغەکاندا بە ئامانجی پەیام و بەرنامەکانی خۆی داناوە.
ئەمڕۆ جوگرافیای خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە بەرەکەتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە پانتایی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمی ستەمکاران بووەتە بابەتێکی پیرۆز تەنانەت بۆ ئەوانەش کە موسڵمان نین. دەسکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی ئەم وڵاتە تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاواش دەبینرێت.
سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەوەی سەلماند کە ئائین بە تایبەت ئائینی ئیسلام، بە تێپەڕبوونی کات و گەشەی مۆدڕنیتە، نەک تەنیا ناگەنە کۆتایی ڕێگای خۆیان بەڵکوو دیسانەوە وەک گرنگترین ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایەتی ڕۆڵ دەبینن، گەلانی موسڵمان شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان وەک نموونەی خۆیان داناوە و گەیشتوونەتە بڕوا بە خۆبوون و هەوڵ دەدەن یەکگرتوو بن و زیندووکردنەوەی بیر و هزر و کەلتوری ئیسلامییان وەک ستراتیژێک داناوە./.