محەممەد عەلی وەلی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند کە ئەزموونی سیاسی لە عێراق وا بووە کە هەموو کات لە دوا ساتەکاندا کێشەکان چارەسەر دەبن و لایەنەکان دەگەنە ڕێکەوتن.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرهەم ساڵح بە تاکە کاندیدی خۆی دەزانێت بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو یەکێتی ئەوەی بە گوێی سیاسییەکانیدا گەیاندووە کە ئەگەر گوشارەکان لە دژی بەرهەم ساڵح بەردەوام بن پشتگیری لە لەتیف ڕەشید دەکرێت کە لە کابینەکانی ڕابردووی عێراق پۆستی باڵای هەبووە و هەروەها هاوسەری یەکێک لە کاراکتەرە سیاسییەکانی ناو یەکێتیشە.
ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە وتی: بۆ کۆتایی هێنان بەم ململانێیە کە هەموو جارێک لە سەر پرسی سەرۆک کۆمار لە نێو دوو لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستان دەبینرێت پێویست بە بنەمایەکی دەستووری یان مەرجەعێکی بێلایەنی سیاسی دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی وەهادا بگەڕێنەوە سەری وەک چۆن لە عێراقدا دەستوور و دادگای فیدراڵی و مەرجەعیەت بوونی هەیە و بوونەتە هۆکاری چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان، کوردیش پێویستی بە وەها شتێک هەیە و بە پێچەوانەی ئەمەش ململانێ و کێشەکان بەردەوام دەبن و نەبوونی یەکڕیزی کورد لە بەغدا کاریگەری لە سەر هەرێمی کوردستانیش دادەنێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد