بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد ئەبولغەیس ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، چارەسەرکردنی دۆسیەی فەڵەستین – ئیسرائیلی بە پێویست ناو برد.
ناوبراو لە میانەی بەشداریی لە کۆنفرانسێک لە ئیتالیا وتی: تا کاتێک کە دۆسیەی فەڵەستین – ئیسرائیل وەک کۆنترین دۆسیە چارەسەر نەکرێت، جیهانی عەرەبی سەقامگیری بە خۆوە نابینێت و ئەم دۆسیەیە لە ڕێگای پێکهێنانی دوو دەوڵەتەوە چارەسەر دەکرێت و جیهان بوونی ڕژێمێکی ڕەگەزپەرست قبووڵ ناکات.
ئەبولغەیس لەو کۆنفرانسەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران و باڵیۆزانی عەرەبی و بیانی و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا بەڕێوەچوو و گۆڕانکارییەکانی نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لە سەر جیهانی عەرەب تاوتوێ دەکرد، وتی کە کێبڕکێ و ململانێی نێوان زلهێزەکانی جیهان گۆڕانکارییەکی نەرێنیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و شەڕ، شکستێکە بۆ دیپلۆماسی./.