بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی جەزایر ڕایگەیاند کە ڕەمەزان عەمامرە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڵ هاوتاکانی لە ئەردەن، سودان، عێراق و میسر سەردانی مۆسکۆ دەکات.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی جەزایردا هاتووە کە ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبیش لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی عەرەب سەردانی ڕووسیا دەکات و شاندەکە پاشان بۆ کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا سەردانی وارشۆ دەکەن.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە وەزیرانی عەرەب گوێبیستی هەڵوێست و نیگەرانییەکانی هەر دوو لایەنی قەیرانەکە دەبن و هەروەها سەبارەت بە داهاتوو و هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و دابەزاندنی ئاستی ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی وتووێژ دەکەن./.