کەماڵ ڕەئوف لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: کێشەی سنوربەزاندنی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە کە هەرێمی کوردستان درووست بووە ئەم گرفتە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بوونی هەبووە، ئەوەش وەک بیانوویەک بۆ بوونی هێزە نەیارەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر ڕادەی هێرشکردنی ئاسمانی و بەزاندنی سنور لە ڕێگای لەشکرکێشییەوە، تورکیا جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ ئێران هەیە.
ناوبراو وتی: دابەشبوونی هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان بە سەر ئەو دوو جەمسەرەدا وایکردووە کە پارتی زیاتر ڕەخنە لە ئێران بگرێت و یەکێتی ڕەخنە لە تورکیا.
کەماڵ ڕەئوف وتی: تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئامانجی زیاتر و گەورەتری هەیە، ئەمەش بەدەر لەو پلانە هەمیشەییەی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە لای دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوەتەوە و بە تایبەت ناوچەی موسڵ بە خاکی خۆیان دەزانن. لە لایەکی دیکەوە تورکیا سەرقاڵی داگیرکاریی ئابورییە لە هەرێمی کوردستان و دەیەوێت جومگەکانی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەش کۆنتڕۆڵ بکات. نیگەرانی گەورەش لە سنوربەزاندنی تورکیا ئەوەیە کە لە ئێستادا زیاتر لە حەفتا بنکەی سەربازیی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە وتی: هەموو دەسدرێژی و سنوربەزاندنێک لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕێگاپێدراو نییە و لە ناو خەڵکدا ناڕەزایەتییەکی زۆری بە دواوە دەبێت، بە تایبەت دژ بە تورکیا، ئەگەرچی لە نێوان تورکیا و پارتیش ڕێکەوتن هەبێت ئەو ڕێکەوتنە شۆڕ نەبووەتەوە بۆ ناو خەڵک و هەر بۆیە لە ناو خەڵکدا ناڕەزایەتییەکی زۆر دەبینرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: پارتی دیمۆکراتی کوردستان هاتنی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم بە جۆرێک لە ڕێکەوتن و بە پێی بەرژەوەندی خۆیی دەزانێت، لە بەر ئەوەی کە پارتی هێزەکانی پەکەکە بە نەیارێکی سەرسەختی خۆی ناو دەبات و بە مەترسییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستانی دەزانێت، ئەگەر سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەم داگیرکارییە بێدەنگن بە واتای ئەوە نییە کە هێرشەکانی تورکیا قبووڵکراوە، بە پێچەوانەوە لە ناو خەڵکدا ناڕەزایەتییەکی زۆر دژ بەم داگیرکارییە دەبینرێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد