بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە شازدەیەمین ساڵڕۆژی نیشتمانیی پیشەسازی ناوەکیی ئێران، شەهیدانی ناوەکیی بە ئاڵاهەڵگرانی قۆناغێکی گرنگی مێژووی ئەم وڵاتە ناو برد و وتی: ئەمڕۆ سەرەڕای خواستی دوژمنان و بە پشت بەستن بە ئیرادەی پۆڵائینی زانایانی ، پیشەسازی ئاشتیخوازانەی ناوەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە و لەوش گرنگتر کە ئەم پیشەسازییە بە تەواوی خۆماڵییە.
ناوبراو وتی: سزا و گەمارۆکان، هەڕەشە و ئەو زوڵمانەی کە دژ بە گەلی ئێران کرا، ئێمەی ڕانەگرت و لە ڕێگای پێشکەوتنی ئێران بەردەوام دەبین، تیرۆری زانایانی ناوەکی و پیلانگێڕییەکانی دژ بە پیشەسازی ناوەکیی ئێران ئەم گەلە لە گەیشتن بە پێشکەوتنی بەردەوام پاشگەز ناکاتەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: دوژمنان بە باشی دەزانن کە چەکی ناوەکی لە ڕیزی ستراتیژی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی زیاتر لە 15 جار لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە هیچ بەلاڕێداچوونێک لە چالاکییە ناوەکییەکانی ئێراندا نییە.
وتیشی کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە چەکی ناوەکییان هەیە بەڵام دوژمنان هیچ بەم بابەتە هەستیار نین و ئەمەش پیشان دەدات کە ئەوەی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەوانی نیگەران کردووە، سەربەخۆیی و بەهێزبوونی ئێرانە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە ڕۆژی نیشتمانیی پیشەسازی ناوەکی کە مافی گەلی ئێرانە، ڕایدەگەێنین کە چالاکی ئاشتیخوازانەی ناوەکی بە پشت بەستن بە داهێنانی زانایانی ئێرانی لە ڕێگای گەیشتن بە پێشکەوتنی زیاتر درێژەی دەبێت و لە دانوستانەکانی ناوەکیش تەنانەت یەک هەنگاو لە مافەکانمان پاشگەز نابینەوە./.