بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە ڕاگرتنی دانوستانەکانی ڤیەننا وتی: چەندین هەفتەیە کە پێویست بە وەستانێک لە دانوستانەکاندا هەبوو، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە لە گەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی لە پرسی تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی گەیشتینە لێک نزیکبوونەوەیەکی زۆر، هاوکات شەڕ و قەیرانی ئۆکرانیا هاتە پێشەوە، وێڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ شەڕی ئۆکرانیا، یەمەن، ئەفغانستان یان هەر وڵاتێکی دیکە ڕادەگەێنێت، دژایەتی خۆیشمان بۆ سەپاندنی سزا و گەمارۆ تاکلایەنەکان ڕاگەیاند.
ناوبراو وتی: بە دڵنیاییەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر هێڵە سورەکانی پێداگری دەکات، ئەمریکییەکان بەردەوام باس لە دانوستانی ڕاستەوخۆ دەکەن بەڵام بە تاوتوێکردنی ئەو داواکارییە و تێڕوانینی ئەمریکییەکان، سوودێک لە دانوستانی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەو وڵاتە نییە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەگەر هێڵە سورەکانی ئێمە لە بەرچاو بگیردرێت و ڕێکەوتنێکی باش، بەهێز و بەردەوام لە بەرامبەر خۆماندا ببینین، گومان لەوەدا نییە کە لە ئەگەری پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان، ئێمەش نیازپاکی خۆمان پیشان دەدەین بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکییەکان نیازپاکی خۆیان پیشان بدەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوەی کە گرنگە، پشت بەستنە بە توانا ناوخۆییەکان لە ئێران کە لە پێناو بێ کاریگەرکردنی گەمارۆکان جێبەجێ دەکرێت و هاوکات لە ڕێگای دیپلۆماسیيوە دانوستانەکان تا گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش و بەردەوام، درێژەپێدەر دەبین./.