بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مزگەوتی گشتی بازاڕی تاران وەک هەمیشە لە شوێنی خۆی بووەتە جێی سرنجی خەڵک و گەشتیاران. پاش درووستکردنی مزگەوتی شا لە سەردەمی فەتحعەلی شای قاجاڕ، کۆڵانێک کە لایەکی مزگەوتی گشتی بازاڕ و ئەو لای دیکەی مزگەوتی شا بوو، وەک بازاڕی ” بین الحرمین ” ناوبانگی دەرکرد.
مزگەوتی گشتی بازاڕ لە زەوییەکی 20 هەزار مەتری چوارگۆشەدایە و 7 بەشی هەیە، هەر بەشێکیش تایبەتمەندی خۆیی هەیە و لای خەڵکی تاران ڕێزێکی زۆری هەبووە. کۆنترین نەخشەیەک کە لەم ناوچەی تاران لە بەردەستە، نەخشەی گیریشمەنی فەرەنسییە کە زیاتر لە 160 ساڵی ڕابردوو ئەم ناوچەی تۆمار کردووە، لەو نەخشەیەدا هەر 7 بەشەکەی ئەم مزگەوتە دەبینرێت.
مزگەوتی ئایەتوڵڵا شائابادی بەشی گەورە یان بەشی ژێری گومەزە، مزگەوتی گەرمخانە یان مزگەوتی ئایەتوڵڵا جەعفەری، مزگەوتی چل ئەستون، مزگەوتی ژێرزەوی، مزگەوتی ئایەتوڵڵا ئەستەرئابادی و مزگەوتی بچووک ناوی ئەو بەشانەن. هەمووی ئەو بەشانەش کە خۆیان مزگەوتێکن لە بینایەکی گشتیدا بە ناوی مزگەوتی گشتی بازاڕدان و خەڵک و چالاکوانانی ئەو بازاڕەش بە ناوی شەبستان ناویان دەهێنن.
شێوازی بیناسازیی هەر بەشێک لە مزگەوتی گشتی بازاڕی تاران لە گەڵ بەشەکانی دیکە جیاوازیی هەیە. بۆ نموونە، مزگەوتی ئایەتوڵڵا شائابادی لە بەشی ڕۆژئاوای مزگەوتی گشتیدایە و تایبەتمەندییەکی بە ناوی ” بادگیر ” هەیە کە لە وەرزی گەرمادا کەشێکی فێنکی پێ بەخشیوە و لە وەرزی گەرمادا خەڵک زیاتر ئەم بەشەیان بەکار هێناوە.
مزگەوتی ژێر گومەزەش وەک چۆن کە لە ناوەکەیەوە ڕوونە، لە ژێر گومەزەی مزگەوتەکەدا بونیاد نراوە و لە کۆنترین بەشەکانی مزگەوتیشە، ئەم بینایە بە بەشی هاوینە ناسراوە، لە بەرامبەردا مزگەوتی گەرمخانە بە هۆی تایبەتمەندی بیناسازییەوە و کەڵک وەرگرتنی زۆر لە وزەی خۆر، لە وەرزی ساردی ساڵدا کەڵکی لێ وەردەگیرا.
هەبوونی ئەستوونێکی زۆر لە درووستکردنی یەکێک لە بەشەکاندا وەک مزگەوتی چل ئەستوون ناساندوویەتی، ئەگەرچی ژمارەی ئەستوونەکان 36 ئەستوونە. ئەم مزگەوتە بەدەر لە تایبەتمەندییەکانی بیناسازی و جوانکاری، کتێبخانەیەکی تایبەتی لە کتێبە کۆن و دەستنووسەکان هەیە و بە هەوڵی ئایەتوڵڵا سەعید تارانی بووە خاوەنی چەندین قورئانی گرانبەها و هەروەها چەند وەرگێڕانێکی ئەم کتێبە ئاسمانییە. مزگەوتی گشتی تاران لە کاتی شۆڕشی ئێراندا یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی خەڵک بووە.
لە مزگەوتی گشتیدا گەنجینەی قورئانەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1403 ی کۆچی مانگی لە مزگەوتی چل ئەستوون نمایش کرا. قورئانەکان لە گەڵ ناسنامەکانیان لە سەر مێز دانراون و بۆ خەڵک نمایش کراون.
چەندین قورئانی کۆن و گرانبەهای ئێران، پاکستان، هیندستان، وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی بە وەرگێڕانی فارسی، ئینلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیسپانی، ئۆردو و ….. لە گەنجینەکانی قورئانی مزگەوتی چل ئەستوون دەبینرێت.
یەکەم قورئانی چاوپکراوی ئێران، یەکەم قورئانی چاپکراوی جیهان بە مێژوویەکی زیاتر لە 300 ساڵە، قورئانی عەلی بن هیلال ناسراو بە ئیبنی بواب لە نموونەی ئەو قورئانانەن. قورئانی کۆنی بۆمبای هیندستان کە سەرجەم دێرەکانی بە پیتی ئەلف دەست پێدەکات لە ڕیزی ئەو قورئانانەدایە. قورئانێکی کۆنیش بۆ خوێندنەوەی نابیناکان لە ڕیزی گەنجینەکانی ئەم مزگەوتەدایە./.