بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یارییەکە رۆژی چوارشەممە سەعات ٣:٣٠ دەستپێدەکات لە چوارچێوەی گەڕی ٢٨ ی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی عیراق.
بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا هەردوو تیپ لە شاری سلێمانی بەرامبەر یەکتر دەوەستنەوەو تیپە مێژوویەکەی زەوراش ئەمڕۆ یەکەیەکی مەشق لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدەن و نەورۆزیش دەیەوێت بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەورەسەکان بە ئاست و ئەنجامێکی باشەوە دەربکەوێت.
زەورا لە کاتێکدا بەرامبەر نەورۆز یاریدەکات لە شەش یاری رابردوو هیچ گۆڵێکیان تۆمار نەکردووەو لە پلەی پێنجەمی ریزبەندین بە ٤٥ خاڵ و نەورۆزیش بە ٣١ خاڵ لە پلەی چواردەیەمە .
بۆ ئەم یارییە زەورا چەند یاریزانێکی سەرەکی لە پێکان و راگرتن دەگەرێنەوە ، لە بەرامبەردا نەورۆز بێبەش دەبێت لە تواناکانی سەجادی گۆڵپارێزی سەرەکی کە یاری رابردوو بەکارتی سوور لە بەرامبەر نەفتی میسان کرایە دەرەوەی یاریگا.