بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی ئۆپێک بەرامبەر بە کۆمیتەی دارایی و ستراتیژیی سندۆقی نێودەوڵەتی دراو هاتووە کە نرخی جیهانیی نەوتی خاوی برێنت لە سێ مانگەی سەرەتای ساڵی 2022 بە شێوازی مامناوەند گەیشتە 98 دۆلار لە هەر بەرمیلێک کە 18 دۆلار زیاتر لە سێ مانگەی کۆتایی ساڵی 2021 بووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە نرخی نەوت بە تایبەت لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەرەو بەرزبوونەوە ڕۆیشتووە و زیاتریش بە هۆی ئاڵۆزییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و نیگەرانییەکان لە سەر کەمبوونی ڕێژەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا بووە.
ئۆپێک لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا بۆ وەبەرهێنانی زیاتری نەوت بە ئامانجی دابەزینی نرخەکان خۆڕاگریی کردووە. نرخی نەوت مانگی ڕابردوو پاش سزا و گەمارۆدانی کەرتی وزەی ڕووسیا لە لایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە گەیشتە بەرزترین ئاستی 14 ساڵی ڕابردوو، واتە 139 دۆلار لە هەر بەرمیلێک.
ئۆپێک پڵەس وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک و وەبەرهێنەرانی دیکەی وەک ڕووسیا لە خۆ دەگرێت و لە مانگی ئایار ڕۆژانە 432 هەزار بەرمیل لە ڕێژەی وەبەرهێنانی خۆی زیاد دەکات./.