بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری بەناوبانگی عەرەب لە یەکێک لە وتارەکانی خۆیدا باسی هەڵوێستی سوریای لە بەرامبەر پڕوپاگەندەیەکی نوێی تورکیا کردووە. بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم هاوکاریی حکومەتی دیمەشق دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، بێدەنگی خۆیی شکاند و لە بەیاننامەیەکی تونددا هەر هاوکارییەکانی لە گەڵ ئەنکەرە بەو شێوەیە کە بەرپرسانی تورک دەڵێن، ڕەتکردەوە و جەختیکردەوە کە دیمەشق ناتوانێت بۆ پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکاریی وڵاتێک بکات کە خۆی بە پاڵپشتیکردنی تیرۆریستان تۆمەتبارە. وەزارەتی دەرەوەی سوریا هەروەها ڕایگەیاند کە دیاردەی درۆ و تەزویر تەنیا پەیوەندی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە نییە و گەیشتووەتە بەرپرسانی دیکەی ڕژێمی تورکیا.
ناوبراو وتی: ئەم لێدوانانەی حکومەتی سوریا کە لە لایەن ئاژانسی ساناوە بڵاو کرایەوە لە چوارچێوەی کاردانەوەیەکی توندە بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هاوکاریی ئەنکەرە و دیمەشق لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستان. ئەم بەدرۆخستنەوەش هاوکاتە لە گەڵ بانگەشەی ئەردۆغان بۆ هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی بەغدا بۆ کردەوە سەربازییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان کە حکومەتی عێراقیش بە هەمان شێوە ئەوەی ڕەتکردووەتەوە.
لە درێژەی ئەو شرۆڤەدا هاتووە: سەرۆک کۆماری تورکیا لەم ڕۆژانەدا بە زیاتربوونی قەیرانە ئابوری و ئەمنییەکان تووشی کێشە بووە، ئەندامانی نزیک لە پەکەکە هێرشەکانی خۆیان لە شارەکانی تورکیا زیاتر کردووە بە تایبەت لە شاری بۆرسا کە شارێکی گرنگی گەشتیاریی تورکیایە.
عەتوان وتی: لە گەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەردۆغان نایەوێت خەڵکی تورکیا وا بزانن کە بەشێکی زۆری کێشەکان بە هۆی سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدانە، بە تایبەت ئەوەی کە لە ڕاپرسییەکاندا دەرکەوتووە حیزبە ڕکابەرەکانی ئاکەپە شانسێکی زیاتریان لە پێشە.
ئەم شرۆڤەکارەی جیهانی عەرەب وتی: لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەوەی کە دیمەشق دەیەوێت لە شەڕی دژ بە کوردەکان لە باکور و ڕۆژئاوای سوریا هاوکاری بکات، توڕەیی حکومەتی دیمەشقی لێکەوتەوە و ئەم حکومەتە بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر هاوکارییەک لە گەڵ تورکیا تا کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە سوریا بوونی نابێت. ئەردۆغان پاش ئەوەی کە بەوە گەیشت یاریی سیاسی لە سەرجەم دۆسیەکان بە تایبەت ئۆکرانیا کاریگەریی نەرێنیی بۆ تورکیا هەبووە و کاریگەریی لە سەر ئاسایشی ئەم وڵاتە داناوە، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.
وتیشی کە ڕووسیا ئەوە لەبیر ناکات کە تورکیا درۆنە پێشکەوتووەکانی بە ئۆکرانیا داوە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان سەربازی ڕووسی، هەروەها سیاسەتی فریودانی ئەردۆغان بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگێڕ لە دۆسیەی ئۆکرانیا سوودێکی نابێت.
لە کۆتایی شرۆڤەکەی عەتواندا هاتووە کە گەورەترین کێشەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەیە کە بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیی خستووەتە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە. کاتێک باس لە سوریا دەکرێت ئەردۆغان دەبێت دان بە شکستەکەیدا بنێت و تا بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە دەسەڵاتە، ئەردۆغان ئارامیی نابێت./.