بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی دووشەممەی خۆی بەیاننامەیەکی لە دژی داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی لە شاری قودسی پیرۆز بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە پرسی فەڵەستین تەوەری سەرەکی چالاکی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە خۆ دەگرێت و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت کۆتایی بە داگیرکاری لە قودس بێنێت و دەوڵەتی فەڵەستین بە پایتەختی قودسی پیرۆز پێک بهێندرێت.
ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ گۆڕینی دۆخی مێژوویی و یاسایی قودس ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە قودس و مزگەوتی ئەقسا هێڵی سوری ئۆممەی ئیسلامین و بە بێ ئازادبوونیان لە داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە مسۆگەر نابێت./.