عومەر محەممەد حەسەن بەرپرسی مەڵبەندی یەکی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: ئێمە وەک موسڵمان و وەک بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە ماف و ئەرکی شەرعی خۆمانی دەزانین ئیدانەی ئەو توندووتیژییە بکەین کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر بە قودس و خەڵکی موسڵمانی فەڵەستینی دەکات.
ناوبراو وتی کە پێمان ناخۆشە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دڕندەیی و ڕەگەزپەرستی ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ ڕێز و حورمەتێکیان لا نییە.
ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان وتی: هۆکاری بەردەوامی تاوانەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی زلهێز لە ڕووی سیاسی و سەربازییە پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و گڵۆپی سەوزیان بۆ تاوانەکانی ئەو ڕژێمە هەڵکردووە.
وتیشی کە پێمان وایە حکومەتە عەرەبییەکان نوێنەرایەتی گەلانی خۆیان ناکەن، بۆیە لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوان و سووکایەتییەی زایۆنیستەکان بەرامبەر بە قودس و خەڵکی موسڵمانی فەڵەستین بێدەنگن.
عومەر محەممەد حەسەن وتی کە دەسەڵاتدارانی عەرەب سەرقاڵی حکومڕانی و خۆشگوزەرانیی خۆیانن و نایانەوێت لە پێناو ئامانجە ڕەواکانی فەڵەستین و مافی ئەو گەلە زوڵملێکراوە، دەسەڵاتەکەیان بکەوێتە مەترسییەوە، دووریش نییە کە موسڵمانان بە یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی دووبارە بگەنەوە فەڵەستین و قودس ئازاد بکەنەوە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد