شێخ سدیق شێخ ئەحمەد لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەگەرچی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی پەکەکەوە دەکرێت بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە چەند ئامانجێکی دیکەیان هەیە، بیانووی پەکەکە و ئەوی دیکەش کۆنتڕۆڵکردنی هەر شوێنێکی کوردستان کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا دەبێت.
ناوبراو وتی کە لە ئێستادا لە سەر ئاستی جیهان ململانێ و ئاڵۆزییەکی زۆر دەبینرێت، ئەویش لە نێوان دوو زلهێزی وەک ئەمریکا و ڕووسیا، کوردیش خەریکە دەبێتە قوربانیی ئەو ململانێیە، تورکیاش کە ڕۆڵی هاوپەیمانێکی ئەمریکا دەگێڕێت دەیەوێت دەست بە سەر نەوت و غازی هەرێمدا بگرێت کە ئەمەش یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەو وڵاتەیە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان وتی کە ئەو ململانێیە لە سەر پرسی غاز لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمدا نییە، وەک بینرا کە پرسی نەوت چ زیانێکی بە خەڵکی کوردستان گەیاند، بە هەمان شێوە غازەکەش سوودی بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی نابێت./.