بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکەم پێشانگای بازرگانی – پیشەسازی دەستی هەڵەبجە ڕۆژی پێنج شەممە 5 ی ئایاری 2022 کرایەوە کە تێیدا ژمارەیەک هونەرمەندی دەستڕەنگینی پیشەسازی دەستی لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هەمەدان و ئیلام ی ئێران لە گەڵ هونەرمەندانی هەڵەبجە بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کرد.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەو پێشانگایە، مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە وتارێکدا بە ئاماژە بە دوو ڕەهەندی کەلتوری – هونەری و بازرگانیی پێشانگای پیشەسازی دەستی و پێگەی باڵای ئێران لە سەر ئاستی جیهانی لە بواری پیشەسازی دەستی و بە جۆربەجۆری 400 بواری تایبەت، ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکان ڕاگەیاند.
ناوبراو هیوای خواست کە لە پێشانگاکانی داهاتوو ژمارەیەکی زیاتری هونەرمەندانی ئێرانی لە پارێزگاکانی دیکە بەشدار بن.
سەرکۆنسووڵی ئێران بە ئاماژە بە تۆماری جیهانیی هەورامان لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆ، ئەم بابەتەی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە کەلتوری و هونەرییەکان بە تایبەت گەشتیاری ناو برد.
پێشانگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ تا شەممەی داهاتوو لە هەڵەبجە بەردەوام دەبێت.