بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، واسیلی نبنزیا باڵیۆزی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا، وتی: بە پێی ئەو سزا و گەمارۆیانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕووسیا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شەڕی ئۆکرانیا، شەڕی جیهانیی ئابوری دەستیپێکردووە.
ناوبراو وتی: ئاست و خێرایی شەڕی ئابوریی ئەمریکا و ئەورووپا لە دژی ڕووسیا پیشان دەدات کە ڕۆژئاوا بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە دژی مۆسکۆ ئامادە بووە.
باڵیۆزی ڕووسیا وتی: ئەمە تەنیا شەڕی ئۆکرانیا نییە، ئەمە شەڕێکە کە ئۆکرانیا بە نوێنەرایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕووسیا دەیکات، دەڵێی ئەوان خوازیاری هاتنی ئەم کاتە بوون کە شەڕەکە دەست پێبکەن.
نبنزیا وتی: ئەگەر بمانەوێت سەبارەت بە شەڕی جیهانی قسە بکەین، لە ئێستادا لە بواری ئابوری ئەو شەڕە دەستیپێکردووە./.