بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک باشترین خواردنەکانی بۆ ژنان باس کردووە کە لە درێژەدا باسیان کراوە:
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن:
ئاسن یەکێکە لە گرنگترین کانزاکان بۆ تەندرووستی ژنان و بە گوێرەی قۆناغەکان پێداویستی جەستەیی کەم و زیاد دەکات. بۆ نموونە، لە کاتی دووگیانیدا زیاتر پێویستە و پاش وەستانی سوڕی مانگانە پێویستییەکە کەمتر دەبێت. وەک گۆشتی سوور و مریشک، قەل و ماسی، پاقلەمەنییەکان، سپێناخ و کەلەرم.
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە فۆلیک ئەسید:
فۆلیک ئەسید ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبێت لە ڕێگریکردن لە هەندێک نەخۆشی و شێواویی زگماکیی کۆرپەلە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ خانمان و لە ماوەی پێش دووگیانی و لە سێ مانگەی یەکەمی سکپڕی و کاتی شیردانی سرووشتی پێداویستی جەستە زیاد دەکات. لەو کاتەدا سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ زۆر گرنگە بۆ پێدانی بڕی پێویست. پزیشکان سێ مانگی پێش سکپڕی ڕۆژانە 400 مکگم حەبی فۆلیک ئەسید دەنووسن بۆ ژنان. هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگای هەندێک خۆراکەوە بە دەست بهێندرێت وەک سەوزە گەڵاتۆخەکان، پرتەقاڵ، فاسۆلیا و بازالیا.
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسیۆم و ڤیتامین D:
دیارە ژنان زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە بە فشەڵبوونی ئێسک بە تایبەت لە پاش چوونە تەمەنەوە و پاش وەستانی سوڕی مانگانە، هەر بۆیە پێویستییان زیاترە بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسیۆم، هەروەها بە ڤیتامین D کە یارمەتی هەڵمژینی کالسیۆم دەدات، بۆ نموونە، شیر و بەرهەمەکانی، هێلکە، ماسی، سەوزە گەڵاتۆخەکان. بۆ ڤیتامین D سەرچاوەی چوونە بەر تیشکی خۆرە، ماسی سەلەموون، زەیتی جگەری نەهەنگ.
چەندین ڕێنمایی گرنگ:
1 – دوورکەوتنەوە لە خواردنی بڕێک لە کالۆری وەک شیرینی و چەوری و خواردنە خێرا و ئامادەکراوەکان و خواردنە گازییەکان لە بەر ئەوەی کە ژنان بە شێوازێکی گشتی جەستەیان بڕێکی کەمتر ماسولکە و بڕێکی زیاتر چەوری تێدایە بۆیە بڕێکی کەمتر لە کالۆری و وزەیان پێویستە ڕۆژانە.
2 – گرنگیدان بە وەرزش و بەردەوامبوون لە سەری. وەرزش سوودە تەندرووستییەکانی زانراون بەڵام بۆ ژنان زیاتر گرنگە لە بەر ئەوەی کە ئەگەری قەڵەوی و زۆربوونی کێشیان هەیە.
3 – بەکارنەهێنانی حەبی مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان بە بێ ئەوەی کە پێویست بکات و بە دوور لە ڕێنمایی پزیشک. خواردنی تەندرووست و دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە زۆر گرنگە تا پێویستیت بە تەواوکەری خۆراکی نەبێت./.