بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەدا حوسێن مالیکی وتی کە بە پێی تێڕوانینی ساڵانی ڕابردووی تاڵیبان و ئەوەی کە ئەمڕۆ بانگەشەی بۆ دەکات، جیاوازترە لە حکومەتە یاساییەکانی ئەفغانستان و لە ئەنجامی ئەمەش پەیوەندییەکان و تێڕوانینی وڵاتانی دراوسێش جیاوازترە لە تێڕوانینیان بەرامبەر بە حکومەتە یاساییەکان.
ناوبراو وتی: تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ خەڵکی ئەفغانستان بە گۆڕینی دەسەڵاتەکان تووشی گۆڕانکاری نابێت و پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای کۆمەڵایەتی و پێکەوەبوونە لە گەڵ خەڵک.
مالیکی وتی کە تێڕوانینی حکومەتەکانی ئەفغانستانیش بەرامبەر بە ئێران جیاواز بووە، بۆ نموونە لە سەردەمی حکومەتەکەی حامید کەرزای باشتر بووە بەڵام لە سەردەمی ئەشرەف غەنی پەیوەندییەکان کەوتە ژێر کاریگەری گوشارە دەرەکییەکانەوە.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئەفغانستان وتی کە تێڕوانینی ئێمە بەرامبەر بە تاڵیبان جیاوازە و پەیوەندییەکان زیاتر گرنگی بە خەڵکی ئەفغانستان دەدەن و ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەی پاڵپشتی لە خەڵک ماینەوە و سنورەکانمان بە کراوەیی هێشتەوە.
وتیشی کە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ئەفغانستان حکومەتێکی بنکە فراوان پێک بهێندرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش جەخت لە سەر ئەم تێڕوانینەی ئێران دەکاتەوە.
ناوبراو وتی کە بە فەرمی ناسینی تاڵیبان لە ئێستادا لە ڕیزی بەرنامەکانی ئێراندا نییە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پرسی پەیوەندییەکان لە گەڵ خەڵکی ئەفغانستان دەبێت لە پرسی دەسەڵاتی ئێستای ئەم وڵاتە جیا بکرێتەوە./.