بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند کە ڕێکەوتنەکەی پێشووی عێراق و ئێران سەبارەت بە هاوردەی گاز بەم شێوازە بووە کە عێراق لە وەرزی زستان بڕی 50 ملیۆن مەتری سێجا و لە وەرزی هاوین بڕی 70 ملیۆن مەتری سێجا گاز لە ئێران هاوردە بکات.
ناوبراو وتی کە ئێران لەم ماوەی ڕابردوو بڕی گازی هەناردەکراوی خۆیی بۆ عێراق بە شێوازی بەرچاو دابەزاند و ئەو ڕێژەیە گەیشتە 8.5 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانە و ئەمەش گوشارێکی زۆری خستە سەر وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەبا و هەندێک لەوان بە هۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە چالاکییەکانیان ڕاگیرا.
عەبادی وتی: لە دانوستانەکانی ئەم دواییە لە گەڵ ئێران ڕێکەوتن کرا کە ڕێژەی هەناردەی گازی ئەم وڵاتە بۆ عێراق لە 8 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانە بگاتە 30 ملیۆن مەتری سێجا، ئەگەرچی ئەم ڕێژەیەش پێداویستییەکانی عێراق پڕ ناکاتەوە.
وتیشی کە دانوستان لە گەڵ لایەنی ئێرانی درێژەی هەیە تا سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی هاوردەی گاز و میکانیزمی پێدانی پارەکەی لە ماوەیەکی سێ ساڵەدا ڕێکەوتنی تەواو بکرێت./.