بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی سەبارەت بە سەردانەکەی میری قەتەر بۆ ئێران وتی: بە پێی گرنگیدانی سیاسەتی دەرەوەی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتانی دراوسێ، ئەو پەیوەندییانەی 8 مانگی ڕابردوو لە سەر ئەم بنەمایە بووە و سیاسەتی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو وتی: پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و بازرگانییەکان بە تایبەت لە بواری وزە لە گەڵ قەتەر دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا هەبێت. پێشتر سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی قەتەری کردووە کە لە بەرزترین ئاستدا پێشوازیی لێکرا و چەندین ڕێکەوتن لە نێوان هەر دوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا واژۆ کرا و میری قەتەریش لە وەڵامی ئەو سەردانە و بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێکەوتنەکان سەردانی تارانی کردووە، هەر هەنگاوێک لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو دەتوانێت ڕۆڵی لە پاراستنی ناوچەکە و ڕێگری لە دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە بە تایبەت لە ناوچەی هەستیاری کەنداوی فارس هەبێت.
سەدرحوسێنی جەختیکردەوە کە سەردانەکەی میری قەتەر بۆ تاران پیشاندەری نیازپاکی هەندێک وڵاتی عەرەبی بەرامبەر بە ئێرانە. دوژمنان هەوڵ دەدەن ناکۆکی بخەنە نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی کە بە دڵنیاییەوە ئامادەبوونی میری قەتەر لە تاران دەتوانێت ئەو هەوڵانە پووچەڵ بکاتەوە.
ئەم شرۆڤەکارەی کاروباری ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەروەها وتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە لە سەردانەکەی میری قەتەر بۆ ئێران گرنگی پێدرا، ئەو قەیرانانەیە کە لە جیهانی ئیسلامدا هەیە، هەر دوو وڵات دەتوانن بە پێی پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆیان لە جیهانی ئیسلام، ئەم سەردانە بکەنە خاڵی دەستپێکی کۆتایی هاتنی قەیرانەکان.
وتیشی کە هاوکارییە دووقۆڵییەکانی ئێران و قەتەر لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی جیهانی ئیسلام و جیهانی عەرەبی ڕۆڵی گرنگی دەبێت، هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تاران – دەوحە دەتوانێت ڕۆڵی لە لاوازکردنی هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وەک تێکدەری سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەبێت.
سەید ڕەزا سەدرحوسێنی لە کۆتاییدا وتی کە بە پێی تێڕوانینی هاوبەشی ئێران و قەتەر لە پرسی فەڵەستین، نزیکبوونەوەی زیاتری ئەوان دەتوانێت لە گەیشتنی فەڵەستینییەکان بە ئامانجەکانیان بە تایبەت ئازادکردنی قودس، هاوکارییەکی بەرچاو بێت./.