بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر لە تاران، وتی: لە دانوستانەکانی ئەمڕۆ بەدەر لەوەی جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قەتەر لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، بازرگانی، کەلتوری، وزە و گەشتیاری کردەوە، بڕیاری ئەوەش درا کە سەرمایەگوزاری هاوبەش لە نێوان هەر دوو وڵاتیش بکرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکە پێویستە ئەوە بزانن کە هەر دەستێوەردانێکی وڵاتانی دەرەکی و ڕۆژئاوا لە کاروباری ناوچەکە نەک تەنیا نابێتە هۆی دابینکردنی ئاسایش بەڵکوو زیانی بۆ ناوچەکەش دەبێت و ئەوەی کە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات هاوکاری ناوچەیی و هاوبەشی وڵاتانە.
ڕەئیسی وتی کە لە دانوستانەکان جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت بە زووترین کات کۆتایی بە گەمارۆکانی سەر یەمەن بهێندرێت و خەڵکی یەمەن بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ناوبراو وتی کە خەڵکی ئەفغانستان دەبێت خاوەنی حکومەتێکی گشتگیر هەبێت کە بتوانێت کۆکەرەوەی سەرجەم پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکان بێت و ئاسایشی بەردەوام لە ئەفغانستان دابین بکات.
وتیشی کە لەم کۆبوونەوەدا جەختمان لە سەر ئازادی فەڵەستین و قودسی پیرۆز کردەوە و دەبێت گەمارۆی سەر کەرتی غەززە کۆتایی بێت و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگیرێت.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا میری قەتەر پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران بە پتەو و بەردەوام ناو برد و وتی کە لەو بڕوایداین چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای وتووێژەوە دەبێت.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی وتی کە پەیوەندییەکانی ئێران و قەتەر، پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوامە و تێڕوانینێکی ئەرێنیمان لە سەر دانوستانەکانی ڤیەننا هەیە و لەو بڕوایەداین کە ئەم پرسەش بە وتووێژ چارەسەر دەکرێت./.