مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێم و پارتی دیمۆکراتی کوردستان، هاوکارییەکی نزیک و پتەو بە خۆوە دەبینێت کە بۆ ساڵانی سەرەتایی شۆڕشی ئیسلامی دەگەڕێتەوە. دانیشتووانی ناوچەکە، هاوکاریی پێشمەرگەکانی پارتی دیمۆکرات بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە دژی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش و تیرۆریستی و پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆریستان و هەروەها دابینکردنی سەقامگیری بە هۆی ئەو هاوکارییەوە، هیچ کات لەبیر ناکەن. مێژووی ئەو کاتە بە تایبەت لای بەرپرسانی باڵا و هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی و سەرکردەکانی کوردی عێراقی بە تایبەت پارتی زۆر بیرەوەری تاڵ و شیرینی لە خۆ گرتووە کە بە ئاسانی لەبیر ناکرێت.
یەکێک لە نزیکترین پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە تایبەت لە گەڵ پارتی و بنەماڵەی تێکۆشەری بارزانی لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعس و گرووپی تیرۆریستی داعش بووە و بە وتەی چاودێران، ئەم عێراقەی ئێستا بەرهەمی خوێنی شەهیدانی کورد و عەرەب و ئێرانییە.
ئێران و کوردانی عێراق پێکەوە قۆناغی دژواری تەنیایی و زوڵملێکراوی بە تایبەت سەردەمی شەڕی سەپێندراویان تێپەڕ کرد و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکانی ئەو سەردەمەش بەشێک لە بیرەوەرییە هاوبەشەکان پێک دێنێت، لەم ڕووەشەوە ئەو پەیوەندییە برایانە و خێرخوازانە کە هاتە پێشەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو و گەشەی سەند و ئەمڕۆش بەو پەڕی ڕێزی بەرامبەر و متمانەی برایانەوە بەرەو گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت.
بوونی گرووپە چەکدارە تیرۆریستییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان میراتێکی بەجێماوی ڕژێمی ناپاکی سەدامە کە لە سەردەمی شەڕی سەپێنداوی دژ بە ئێران لە گەڵ ئەو ڕژێمە شەڕی دژ بە گەلی ئێرانیان دەکرد و لە ناوچە سنورییەکان ژمارەیەک لە خەڵکی ئێرانیان شەهید کرد.
ئەو گرووپانە کە دەستیان بە خوێنی کەسانی بێ تاوان و هاووڵاتیانی ئاسایی تێکەڵ کردووە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بە کەمتەرخەمی هەندێک بەرپرسی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی دەربازبوون لە تەنیایی و پەراوێزکەوتن، پەنایان بۆ هەندێک هەنگاوی نامرۆڤانە بۆ ڕاکێشانی سرنج و هاوکاری دەرەکی هێناوە.
بەداخەوە بە پێی لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران کە پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازی هەرێمی کوردستان هەیە، لایەنی کوردی لە ئاستی چاوەڕوانییەکان وەڵامی نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نەداوەتەوە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو جموجوڵەکانی ئەو گرووپانەش زیادی کردووە. ئەڵبەت ئامادەیی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاراستنی سنورەکان بووەتە هۆی تێکشکانی ئەو تیمە تیرۆریستییانەی ڕەوانە دەکرێن و ناگەنە ئامانجەکانی خۆیان و بە پێی ئامادەبوونی هێزە چەکدارەکانی ئێران کێشەی ئەمنی ڕوو نادات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی خۆیدا دانی بەوەدا نا کە گرووپە چەکدارە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە. پەیوەندی ئەرێنی و ڕەچاوکردنی مافی دراوسێیەتی یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پرسی ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەر وڵاتێک هێڵی سورە. ئێران کە لە ساڵانی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی دیکتاۆری سەدام و تیرۆریزمی تەکفیریی داعش، دراوسێیەتی و بە واتایەکی باشتر برایەتی خۆیی بە کوردستانی عێراق سەلماندووە، چاوەڕوانی هەمان تێڕوانین و هاوکاریی لە لایەنی بەرامبەر هەیە، ئێران جەخت لە سەر سیاسەتی سەرەکیی خۆی سەبارەت بە دراوسێبوونێکی باش و وتووێژ لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە و لەو بڕوایەدایە کە ئاسایش و سەقامگیری تەنیا بە هاوکاری هاوبەش دابین دەکرێت.
لە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتیدا بوون و چالاکی و کردەوە تیرۆریستییەکان و کردنەوەی بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی وڵاتێکدا لە دژی وڵاتێکی دیکە و دراوسێکان، یاسایی و ڕێگاپێدراو نییە.
باشترە مەسرور بارزانی کە ماوەیەک لە تەمەنی خۆی لە ئێراندا بووە و بە باشی ئێران دەناسێت، گرنگییەکی تایبەت بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدات و بە کردەوە ئەمەش بسەلمێنێت کە لە هەر هەلومەرجێکدا موڵەتی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی دراوسێکان نادات. دەرکردنی تیرۆریستانی چەکداری ئێرانی کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیر بوون و هەندێک کات هەوڵی کێشەی ئەمنی لە ناوچە سنورییەکان دەدەن، کەمترین چاوەڕوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە حکومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا و بە تایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان./.