بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ کاریگەرییە ئابورییەکانی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە تایبەت لە سەر نرخی مادە خۆراکی و سووتەمەنییەکان، پێشبینی دەکرێت هەزاران خێزانی بەریتانی ساڵی داهاتوو بە هەژارییەکی کەم وێنە دەست پێبکەن.
ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ پێشبینی ئەوەیکردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە بەریتانیا بە تەواوی لە هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن لە ساڵی 2023 بگاتە یەک ملیۆن کەس.
ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگ بە پێی ئامارەکانی دامەزراوەی نیشتمانیی توێژینەوە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی بەریتانیا بووە.
شرۆڤەکاران دەڵێن کە بەریتانیا لە قەیرانێکی ئابوری نزیک بووەتەوە و ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەپەلەی نەبێت، 250 هەزار خێزانی دیکە دەچنە ڕیزی ئەوانەی بە تەواوی لە هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن.
بە پێی ئەو ئامارانەش، ڕێژەی هەڵئاوسان لە کۆتایی ئەمساڵ لە بەریتانیا دەگاتە لە سەدا 14.4 کە بەرزترین ڕێژەی چوار دەیەی ڕابردوویە و پێشبینی ئەوەش دەکرێت ئابوریی ئەم وڵاتە تا کۆتایی ساڵ لە سەدا 5 دابەزێت./.