بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەشتیاران زیاتر ڕوو لەو ناوچانە دەکەن کە بتوانێت حەز و خواستەکانی ئەوان لە خۆ بگرێت، هەر بۆیە ناوچەیەک هەرچی زیاتر بتوانێت ئەو پێویستییانەی گەشتیاران دابین بکات، زیاتر لایەنگری دەبێت و ئەمەش لە ڕووی ئاوەدانی و ئابورییەوە بۆ ئەو ناوچەیە گرنگ دەبێت.
بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی جیهانی گەشتیاری، ناوچەیەک لە ڕووی گەشتیارییەوە گرنگە کە گەشتیاران لانیکەم یەک شەو لەوێدا بمێننەوە و بتوانێت ڕاکێشیگەل، خزمەتگوزاری و سەرچاوە گەشتیارییەکان نمایش بکات.
ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیش ئامانجە گەشتیارییەکان بە سەر چەند بلۆکێکدا دابەش دەکات. کیشوەری ئەمریکا، ئەورووپا، ئۆقیانوسی ئارام، ئاسیای ڕۆژهەڵات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و باشوری ئاسیا.
بۆ هەبوونی سوود و قازانج لە پیشەسازی گەشتیاری لە کورت ماوە و لە داهاتوویەکی دوور، دەبێت وەک کێبڕکێیەک سەیری چالاکییە گەشتیارییەکان بکرێت. بوونی کێبڕکێ لە ئێستادا هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنی پیشەسازییەکان، ڕێکخراوەکان و تەنانەت وڵاتانە. کاتێک کە ئامانجێکی گەشتیاری بە ژمارەی سەردانیکەران و سوودی دارایی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، پشکی بازاڕ بەرز دەبێتەوە و گەشەی زۆری دەبێت، هەر بۆیە کێبڕکێ بە ژمارەی خەڵکی سەردانیکەر و گەشتیار، داهاتی زۆری بە دواوە دەبێت./.