بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوێنەرایەتی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ لە تویتەردا ڕایگەیاند کە ئان لیندە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ سێ شەممە داوای ئەندامبوونی لە ناتۆ واژۆ کردووە.
یەک شەممەی هەفتەی ڕابردوو پارتی دەسەڵاتداری سۆسیاڵ دیمۆکراتی سوید بڕیاری خۆیی بۆ ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە ناتۆ ڕاگەیاند و هاوکات داوای ئەوەیکرد کە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند بکرێت.
ماگداڵنا ئەندرسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدیش ڕایگەیاندووە کە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ کاریگەری ئەرێنیی لە سەر ئاسایشی خەڵک و سوید دەبێت.
سوید و فینلەندا لە کاتێکدا داوای ئەندامبوون لە ڕێکخراوی سەربازی ناتۆ دەکەن کە ڕووسیا بە توندی هۆشداریی بەوان داوە./.