بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنج شەممە بە تەلەفوون وتووێژیان کرد.
پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان و هەروەها دوایین دۆخی دانوستانەکانی ڤیەننا لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ڕوونکردنەوەی تێڕوانینی تاران بۆ دژایەتی شەڕ و گەمارۆدان، پاڵپشتیی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوەی مۆسکۆ و کیێف بۆ سەر مێزی دانوستانەکان دەربڕی و وتی کە تاران ئامادەیە لە نێوان هەر دوو وڵات نێوەندگێڕی بکات./.