بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختیکردەوە کە بوونی نایاسایی و داگیرکاریی ئەمریکا لە ناوچەی جزیرە بەرەو کۆتایی دەڕوات و ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ئامێزی حکومەتی سوریا دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: گرووپی جوداییخوازی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات دەبێت بزانن ئەمریکای داگیرکار خاکی ئێمە بە جێ دێڵێت و واز لە پاڵپشتیکردنی ئەوان دێنێت.
مێقداد وتی: کاتێک دوژمنان لە لاوازکردنی سوریا شکستیان هێنا و لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە لە بنەما سەرەکییەکانی خۆی دووری بکەنەوە، پەنایان بۆ شەڕی تیرۆریستی لە دژی هێنا.
وەزیری دەرەوەی سوریا پاڵپشتیکردنی ئامانجەکانی گەلی فەڵەستینی بە هەڵوێستێکی نەگۆڕی وڵاتەکەی ناو برد و وتی: هاوکاری بۆ ئازادکردنی جۆلانی داگیرکراو بە یەکێکی دیکە لە سیاسەتە سەرەکییەکانی سوریا دادەنرێت.
ناوبراو داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان کرد کە بە وردی و هاوسەنگ خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی سوریا بکەن و پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی سیاسی ئەرێنی و ئیجابی بکەن.
فەیسەڵ مێقداد وتی: کاتەکە بۆ هاوکاری ڕاستەوخۆ، بەرپرسانە، جیدی و بێلایەنانە لە گەڵ حکومەتی سوریا، بەدەر لە هەر تێبینییەکی سیاسی کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سوریا و ئاسۆی گەیشتن بە ئاسایش، سەقامگیری و ئاسوودەیی گەلی ئێمە و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەرچاو بگرێت، زۆر گرنگە./.