بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەمید بیلال سوبحی وتەبێژی بەشی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوو 5300 کەس بە هۆی قاچاخکردن، دابەشکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون و دەست بە سەر 4 ملیۆن حەبی جۆری کپتاگۆن و هەروەها 100 کیلۆگرام جۆرەکانی دیکەی مادە هۆشبەرەکاندا گیراوە.
ناوبراو وتی کە مادە هۆشبەرەکانی کریستاڵ و حەشیش لە باشور و ناوەڕاستی عێراقدا هەیە و لە ڕێگای پارێزگاکانی بەسرە و میسانەوە هاوردەی عێراق دەکرێت و حەبی کپتاگۆن و مادەکانی دیکەش لە ڕۆژئاوا و باکوری عێراقەوە هەیە و لە ڕێگای پارێزگیا ئەنبارەوە دێتە عێراق.
سوبحی وتی کە ئەوانەی مادە هۆشبەرەکان بەکار دێنن تەمەنیان زیاتر لە نێوان 18 تا 30 ساڵیدایە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕایگەیاند کە بە زیاتربوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، نرخی ئەو مادانە لە پارێزگای میسان 5 هێندە زیادی کردووە./.