بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەرچی ئێران دەیەم وڵاتی وەبەرهێنەری هێلکەی جیهانە بەڵام بە هۆی هەندێک بۆچوونی هەڵە سەبارەت بە کۆلیسترۆڵی هێلکە، خواردنەکەی کەمترە لە ئاستی مامناوەندی جیهانی. خواردنی زیاتر لە یەک هێلکەی ڕۆژانەش نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ و بۆ جەستە زیانی نابێت.
کۆلیسترۆڵی تایبەت بە خواردنی هێلکە لە جۆری HDL و لە ڕیزی کۆلیسترۆڵە باشەکاندایە، هەر بۆیە خواردنی یەک هێلکە بۆ هەر کەسێک زیانی نابێت. هێلکە لە 8 مانگییەوە دەچێتە ڕیزی خواردنەکانی منداڵ و تا تەمەنی یەک ساڵی بە پێی ئامۆژگاریی پسپۆڕان دوو ڕۆژ یەک جار زەردێنەی هێلکەیەک بە منداڵ دەدرێت و لە دوو ساڵییەوە ڕۆژانە یەک هێلکە بەو دەدرێت. هێلکە تەنانەت لەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرەن یان پەستانی خوێنیان بەرزە و نەخۆشی دڵیان هەیە تا 3 هێلکەی هەفتانە کێشەی نابێت، ئەڵبەت بە ڕەچاوکردنی درووستکردنی تەندرووست و بێ زەیت. هێلکەیەکی 60 گرامیی کوڵاو نزیکەی 72 کالۆریی هەیە. لە ڕێجیمەکانی لاوازبوون لە ژەمی بەیانی هێلکە هەیە لە بەر ئەوەی کە هەستێکی تێربوون دەبەخشێت و ڕێژەیەکی کەمتری کالۆریی بەراورد بە خواردنەکانی وەک گۆشت و پرۆتین هەیە. بە هۆی بوونی ڤیتامین B12 لە هێلکەدا خواردنی بۆ کەسانی کەمخوێن باشترە.
گرنگی پرۆتینی هێلکە وەک باشترین پرۆتینی بەکارهێنراو لە سەدا 7.93 یە کە بەراورد بە مادە خۆراکییەکانی دیکە لە پلەی یەکەمدایە، ئەمەش بۆ شیر لە سەدا 84، بۆ ماسی لە سەدا 76 و بۆ گۆشتی مانگا لە سەدا 74 تۆمار کراوە. بەداخەوە بە هۆی تێڕوانینی هەڵەی گشتی سەبارەت بە کۆلیسترۆڵی خواردنی هێلکە، کاریگەری لە سەر خواردنی خێزانەکان داناوە. هێلکە هەڵگری باشترین جۆری پرۆتینە (واتە هەڵگری تەواوی ئەسید ئەمینەی پێویست بۆ درووستکردنی پرۆتینەکانی جەستە) لە نێو خواردنەکانی دیکەدا. ئەلبومین یان هەمان پرۆتینی هێلکە بە گشتی لە سپێنەکەیدایە و بەم هۆیەوە دەبینین کە بەکارهێنانی سپێنەی هێلکە جێی گرنگی و بایەخی ئەو کەسانەیە کە وەرزشی لەشجوانی دەکەن. ڕێژەی پرۆتینی یەک هێلکە دەتوانێت پێویستی جەستە بە ڕێژەیەکی زۆر دابین بکات. بەدەر لە پرۆتین، هێلکە هەڵگری ڕێژەیەک چەورییە کە لە دابینکردنی وزەی جەستە ڕۆڵی هەیە.
هێلکە سەرچاوەیەکی زۆر باشی ڤیتامین E, A و D و هەروەها هەندێک ڤیتامینەکانی گرووپی B12، B2 و ئەسید فولیکە. دەبێت ئەوەش بزانین تەنیا ڤیتامینێک کە لە هێلکەدا نییە، ڤیتامین C یە. یۆد، فۆسفۆڕ، ڕوی، کەلسیۆم، پۆتاسیۆم، سلنیۆم و ئاسن لە پێکهاتەی گرنگی زەردێنەی هێلکەن. لە ڕاستیدا بوونی ئەم پێکهاتانە بۆ تەندرووستی ئێسک، باشتربوونی سیستەمی بەرگری جەستە، چارەسەربوونی زام، باشتربوونی کاری سیستەمی دەمار و هەندێک پێیوستی دیکەی جەستە بە پێویست دادەنرێت.
بە پێی توێژینەوەیەکی پسپۆڕانی بواری خۆراک، ڕەنگی زەردی زەردێنەی هێلکەی مریشکە خۆماڵییەکان بە هۆی خواردنی سەوزەوە زیاترە بەڵام نابێتە هۆی ئەوەی کە بڵێن لە ڕووی خۆراکییەوە جیاوازییان هەیە و بە ڕای پسپۆڕان خواردنی هەر دووی ئەوان گونجاوە. بوونی ڕێژەیەکی کۆلیسترۆڵ لە هێلکەدا وایکردووە کە هەندێک لە خواردنی نیگەران بن، لە کاتێکدا کە کۆلیسترۆڵی نێو ئەم خواردنە پڕبایەخە لە ئاستێکدایە کە بە خواردنی رۆژانەی یەک هێلکە، ڕێژەی کۆلیسترۆڵی جەستە تووشی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابێت. بۆ ئەوانەش تووشی نەخۆشییەکانی دڵن، خواردنی 2 یان 3 هێلکەی تەواو لە هەفتەدا کێشەی نابێت، هەروەها خواردنی سپێنەی هێلکەی کوڵاو ڕۆژانە بۆ ئەوان زیانی نابێت.
بۆ نابێت هێلکە بە خاوی بەکار بهێندرێت؟
ماوەیەکی زۆرە پسپۆڕانی بواری خۆراک ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە نابێت هێلکە بە خاوی بەکار بهێندرێت، هۆکارەکەشی مەترسی ئالودەبوونی هێلکەیە بە بەکتریای سالمۆنلا کە دەتوانێت زیانێکی زۆری هەبێت. هەروەها سپێنەی هێلکە هەڵگری پرۆتینێکە بە ناوی ئاویدین کە لە ئەگەری خواردنی بە خاوی کەسەکە ڕوبەڕوی مەترسی کەمبوونی ڤیتامینەکانی گرووپی B دەکاتەوە. هەر بۆیە خواردنی هێلکە بە خاوی باش نییە.
بۆ تاقیکردنەوەی تازەیی هێلکە، هێلکەیەک بخەنە نێو ئاو و ئەگەر لە ئاوەکەدا نیشتەوە ئەوا تازەیە و ئەگەر کەوتە سەر ئاوەکە بە واتای کۆنبوونیە، لە بەر ئەوەی کە لە هێلکەی ماوەبەسەرچوودا هەوایەکی زۆر هەیە./.